واشنتۆن
باراک ئۆباما سەرنجی خۆی خۆستەڕوو لەبارەی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لەسوریاو گوتی" ماوەیەکە لەسوریا شتی ترسناک روو دەدا، ئەسەد ھاووڵاتی خۆی دەکوژێ و شەڕی مەزھەبی لەسوریا پەرەیسەندووە، لەبارەی دەنگۆی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی سەیری ھەموو بەڵگەکانمان کرد، لەو باوەڕ نین ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەو قەبارەیە چەکی کیمیایی ھەبێ ھەروەھا تەکنیکی ھاوێشتنەکەیشی لەتوانای ئەواندا نییە، کەواتە گەیشتینە یەقین لەلایەن سوپای سوریاوە بەکارھێنراوە".
سەرۆکی ئەمریکا بیریھێنایەوە پێشتر داوایان لەبەشار ئەسەد کردووە واز بێنێ لەدەسەڵات و داواکەیان کەڵکی نەبووە. لەبارەی کۆتایی ھێنان بەقەیرانی سوریا گوتی " بەھێرشی سەربازی بۆسەر سوریاو لەناوبردنی حکومەتەکەی ئەسەد، نابێتە ھۆی دوایی ھێنان بەشەڕی ناوخۆ لەو وڵاتە. ئێستا جموجوڵمان دیپلۆماسییە لەگەڵ ئەو قەیرانە بەڵام بەکارھێنانی چەکی کیمیایی باروودۆخ دەگۆڕێ. سوریایش خاوەنی چەکی کیمیاییە".
ئۆباما ھەروەھا ئاشکرایکرد تا ئێستا دوایین بڕیاری خۆی نەداوە سەبارەت بە بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوریاوە.
پێشتر وەزیری بەرگریی ئەمریکا رایگەیاندبوو ، سازو ئامادەن بۆ ھێرشکردن، چاوەڕوانی فەرمانی سەرۆک ئۆبامان بۆ وەشاندنی گورزی سەربازیی لەسوریا.