واشنتۆن
سەرۆکی ئەمریکا (باراک ئۆباما) خۆپیشاندانەکەی (مارتن لووتەر کینگ)ی بەبیر خەڵکی ئەمریکا ھێنایەوە و گوتی "٥٠ ساڵ لەمەوبەر خۆپیشاندانێک لە واشنتۆن، ئەمریکای گۆڕی. بە رژانە سەر شەقامی ئەوان مافی خەڵک بەدەستھێنرا، خەڵکی رەشپێستیش بوون بە خاوەن دەنگ بۆ ھەڵبژاردنی سەرکردەکان، بەڵێ بە خۆپیشاندانەکەی ئەوان تەنانەت (کۆشکی سپی)ش گۆڕانکاریی بەسەرداھات".
ئۆباما گوتەکانی (مارتن لووتەر کینگ)ی بە نموونە بۆ خەڵک ھێنایەوە و گەڕایەوە بۆ یادەوەرییەکانی ئەو چالاکوانە ئەمریکییە.
سەرۆکی ئەمریکا کەمکردنەوە لە بەھای سیاسەتەکەی کینگ و بە ھیچ دانانی ئەو گۆڕانکارییانەی خۆپیشاندانەکانی بە بێ رێزیکردن دانا، گوتی "سەرکەوتنی ئەوان زۆر مەزنە. بەڵام ئەگەر وا بیربکەینەوە کارەکە لەوێ تەواو بووە و وڵات پێویستی بە ئەمەک نەماوە دیسانەوە بێ رێزی دەکەین بەرامبەر ئەو قارەمانانە".
٣٩ھەمین سەرۆکی وڵات (جیمی کارتەَر)یش لە چەند پەیڤێکیدا بۆ ئامادەبووان گوتی "کینک جگە لە مافی رەشپێستەکانی ئەمریکا کاریکرد بۆ دابینکردنی مافی ھەموو تاکێکی ئەو جیھانە. ئەو توانی ئەفریقییەکانی ئەمریکا بکا بە خاوەن مافی دەنگدان".
مارتن لووتەر کینگ لە ١٥ی کانوونی دووەمی ١٩٢٩ لەدایکبووە. پیاوی ئایینی و چالاکوانێکی ئەمریکایی بوو. سەرکردەیەکی دیاری بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکانی ئەفریقییەکانی ناو ئەمریکا بوو. کینگ بە سەرکردەیەکی پاڵەوان دادەنرێ لە مێژووی لیبرالیزمی ھاوچەرخی ئەمریکا. ئەو قارەمانە لەساڵی ١٩٦٤ بە لاوترین کەس دانرا کە خەڵاتی نۆبڵی پێبەخشرابێ. کینگ لە ٤ی نیسانی ١٩٦٨ لە (مێمفیس) تیرۆرکرا.