واشینتۆن
باراک ئۆباما دوای واژۆکردنی رێککەوتن لە نێوان ئێران و وڵاتانی ئەندامی گرووپی ١+٥ لە شاری لۆزانی سوئیسڕا، لە کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەمریکا و ھاوپەیمانانی لە سەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لەگەڵ ئەو وڵاتەدا رێککەوتنێکی مێژووییمان ئیمزا کرد و ئەگەر بێت و ئێران ھەمووی خاڵەکانی ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکات ئەوە رێگری لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە دەگرێت".
ئۆباما گوتی: "ھەوڵەکانی دیپلۆماسی وڵاتانی ئەندامی گرووپی ١+٥ و کۆبوونەوەی ئەو وڵاتانە لە گەڵ یەکتر بوونە ھۆی واژۆکردنی چوارچێوەی گشتی لەبارەی رێککەوتنی کۆتایی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران کە دەبوایە ساڵێک لەمەوبەر واژۆ بکرایە و ئەو رێککەوتنەی کە واژۆ کراوە، یەکەمین ھەنگاوە".
ناوبراو لە درێژەدا گوتی: "پێشتر ترسی ئەوەمان ھەبوو کە ئێران ھەنگاوی جیاواز بنێت و رێککەوتن لەسەر چوارچێوەی گشتی بێ ئەنجام بمێنێت بەڵام بەپێچەوانەوە لە جیاتی ئەوە، وەکو ئەوەی کە پلانمان بۆ دانابوو سەرکەوتین و ئێرانیش ھەموو بەرپرسیارێتییەکانی جێبەجێ کرد و دوای قۆناغێکی زۆر و زەحمەتی دیپلۆماسی بۆ رێککەوتنی یەکجارەکی چوارچێوەی دەستنیشانکراو، ئەمە رێککەوتنێکی زۆر باشە و باسی ھەموو پرسەکانی سەرەکی تێدا کراوە".
سەرکۆماری ئەمریکا گوتی: "ئێران ئەوەی قەبووڵ کردووە کە بەبێ مۆڵەت پشکنین بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکرێت بۆیە ئەو رێککەوتنە پشتی بە متمانە نەبەستووە بەڵکو پشتی بە داننان و قەبووڵ کردنێک ناوە کە پێشتر نموونەی نەبینراوە".
ناوبراو هەروەها گوتی: "لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا ئێران بۆی نییە پلوتۆنیوم بەکار بھێنێت و بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات و رێیاکتۆری سەرەکی شاری ئەراک ھەڵدەوەشێنرێتەوە و گۆڕانکاری تێدا دەکرێت و ئێران رێیاکتۆری نوێ بۆ ئاوی گران دروست ناکات و لەو رێیاکتۆر یان ئەو وێستگانەیدا کە ھەن دەست بە دروستکردنی سووتەمەنی ناکات".
ئۆباما ھەروەھا گوتی: "بەلانیکەمەوە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ ئێران لە رێگای سەنتریفیوژە پێشکەوتووەکانەوە یورانیۆم ناپیتێنێت و لە وێستگەی فۆردۆدا بەرنامەی پیتاندنی یورانیۆم رادەگرێت".
لە لایەکی دیکەشەوە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بان کی مون لەبارەی ئەو رێککەوتنەوە، گوتی: "بەردەوامبوون لەسەر گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی یەکجارەکی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران کاریگەریی باشی لەسەر ئاشتی و ئارامی ناوچەکە دەبێت و ئەو دەرفەتە دەداتە وڵاتان کە بتوانن رووبەڕووی پرسەکانی ئەمنی ببنەوە و ھاوکاری یەکتر بکەن".
راوێژکاری ئەڵمانیا ئەنجێلا مێرکێلیش لەبارەی ئەو رێککەوتنەوە گوتی: "بە گەرمی پێشوازی لەو رێککەوتنە دەکەین".