تاڵین
لەسەردانێكیدا بۆ تاڵین-ی پایتەختی ئەستۆنیا باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ سەرۆكی ئەستۆنیا تۆماس هەندریك لیڤەس لە كۆشكی كاردیئۆرگ كۆبوویەوە و دوای كۆبوونەوەكەش كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجام دا.
لەوەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت پرسی كوشتنی رۆژنامەنووسێكی دیكەی ئەمریكی بەدەستی چەكدارانی داعش، ئۆباما رایگەیاند: "بەهیچ شێوەیەك ئەو كوشتنە مەترسیدارە لە بیر ناكەن، ئاماژەی بەوەشدا كە دواجار دادپەروەری جێگەی خۆی دەگرێتەوە و ئاشكراشی كرد كە بەردەوام دەبن لە شەڕ كردن دژ بەو هەڕەشانەی رووبەروویان دەبێتەوە."ئۆباما گوتی : "ئامانجی ئێمە بەتەواوەتی دڵنیابوونە لەوەی داعش چیتر ناتوانێ ببێتە هەڕەشەو مەترسی بۆ سەر ناوچەكە. لەمەدا سەركەوتوو دەبین، ئەمە كاتی دەوێ و هەوڵدانی پێویستە.
بەكوشتنی ئەو رۆژنامەنووسانە چۆن بیر دەكەنەوە با بیكەنەوە، بەڵام بە ئەنجامدانی ئەو تاوانە دڕندانەیان ناتوانن ئێمە چاوترسێن بكەن. ئەو جۆرە كوشتنانە ئێمە یەك دەخات نەك بمانترسێنێت ."
داعش رۆژی سێشەممە رۆژنامەنووسێكی ئەمریكی دیكەی بەناوی ستیڤەن سۆتلۆف كوشت و گرتەی ڤیدیۆییەكەشی لەكاتی كوشتنەكەیدا بڵاو كردەوە. ئەمە لەكاتێكدایە مانگی رابردوو چەكدارانی داعش رۆژنامەنووسێكی دیكەی ئەمریكییان بەناوی جەیمس فۆلەی بەهەمان شێوە كوشتبوو.