سلێمانی
ئەمڕۆ پێنجشەمە دەزگای ھەڵبژاردنی ھەر سێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن بزوتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لەنووسینگەی مەکتەبی سیاسی یەکگرتوو لەسلێمانی کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دوا دەرئەنجامی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
دوای تەواوبونی کۆبونەوەکە ھەرسێ لایەن راگەیەنراوی کۆتایی کۆبونەوەکەیان ڕاگەیاند، کەچەند خاڵێکی لەخۆگرتووە.
دقی راگەیەنراوەی ئۆپۆزسیۆن:
ھەرسێ لایەن بزوتنەوەی گۆڕان, یەکگرتووی ئیسلامی, کۆمەڵی ئیسلامی, تانەمان لەدەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکان پێشکەشی دادگای تەمیزی کوردستان کردووە، چونکە پێمان وایە ئەو دەرئەنجامانەی کۆمسیۆن ڕایگەیاندووە دەنگی ڕاستەقینەی ئێمە نینء دڵنیاین ژمارەیەکی بەرچاو لەدەنگەکانمان ھەژمار نەکراون. لەتانەی دەرئەنجامەکاندا چەندین بەڵگەی حاشا ھەڵنەگرمان خستووەتە بەردەستی دادگا کە سەلمێنەری راستی لەناوبردنی دەنگەکانمانن بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو.
- ھەرسێ لایەن چاوەڕوانی گەورەمان لەدادگای تەمیزی کوردستان ھەیەو ھیوادارین سەربەخۆیانە مامەڵە لەگەڵ تانەکاندا بکاتء دەنگەکان بگەڕێتەوە بۆ خاوەنەکانیان، چونکە لەم ھەرێمەدا سەروەری یاسا لەژێر پرسیاردایەء ھیوادارین دادگای تەمیز لەم کەیسەدا رۆڵی ڕاستەقینەو سەربەخۆیانەی خۆی بگێڕێت.
- ھەرسێ لایەن کۆمسیۆن بە بەشێک لە کەموکورتی و یارییکردن بە ئەنجامەکان دەزانین، پێمانوایە ھەر لەسەرەتاوە کۆمسیۆن بەشێوەیەکی ئینتمایی مامەڵەی کردووە لەگەڵ یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، چەندین برگەی یاساکەی جێبەجێ نەکردووە، وەک بەکارھێنانی رەگەزنامەء پێنەدانی وێنەیەکی دەرئەنجامەکان بە نوێنەری کیانە سیاسییەکان، جێبەجێ نەکردنی ماوەی تایبەت بە بوونی نوێنەری کیانە سیاسییەکان لەسەرپەرشتی بنکەکان و دەنگدان، پاشان لەناوەندەکانی وەرگرتنء وردبینی دەنگەکان یاریی بە دەرئەنجامەکان کراو رێگری لە بریکاری کیانەکان کرا لەچاودێری کردنی پرۆسەکەدا لەو ناوەندانە لەپارێزگاری ھەولێر، دھۆک.
- ھەرس لایەن جەخت دەکەینەوە لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەوادەی یاسایی خۆیداو نابێ لەژێر ھیچ پاساوێکدا لەوە زیاتر دوابخرێ، ھیوادارین کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن نەبێتە بەشێک لەدواخستنی ھەڵبژاردنەکە.
- لەکۆتاییدا ھەر سێ لایەن جەخت دەکەینەوە لەدرێژەدان بە ھەماھەنگی نێوان ھەر سێ دەزگا بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو، بەمەش جەماوەری کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە ھەمیشە لەسەنگەری بەرگریی داکۆکیکردن لەمافەکانیاندا دەبین و سازش ناکەین.