سلێمانی
ھەرسێ لایەنەکە (بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامی، یەکگرتووی ئیسلامی) دەڵێن ھێشتا کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ئەو کەموکورتیانەی پێ تەواونەکراوە کە دەبێ بەر لەھەڵبژاردن ئەنجامی دابن.
سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق (سەربەست مستەفا) ڕۆژی سێشەممە رایگەیاند: ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دواناخرێ و لە کاتی خۆیدا ٢٠ی ئەیلول ئەنجامدەدرێ.
ئارام قادر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی کوردستان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی " لەکۆبونەوەی فراکسیۆنەکان لەگەڵ کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان، ھەموو فراکسیۆنەکانی پەرلەمان دووپاتیانکردەوە ھەڵبژاردنەکان لەو کاتەی دیاریکراوە بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوە بچێ، بەڵام کۆمیسیۆن وەڵامی داینەوە کە ناتوانن بەناوی لیستی دەنگدەراندا بچنەوەو ھەڵبژاردنیش ئەنجامبدەن، تەنیا دەتوانن ھەڵبژاردن ئەنجام بدەن ".
ئارام ھەروەھا گوتی " لە لیستی ناوی دەنگدەراندا ١٧٦ ھەزار ناوی کەسانی مردوو ٩٣ ھەزار ناوی دووبارە ھەن، ھەروەھا ناوی ئەو ھاووڵاتیانەشی تێدایە کەئێستا لەھەندەران نیشتەجێن و پێویستە لەو وڵاتانەی لێی نیشتەجێن دەنگ بدەن".
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان (ئەبوبەکر ھەڵەدنی) رایگەیاند: ئەوان چاوەڕوانی کۆبونەوەی شەممەی داھاتووی نێوان کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان دەکەن، بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەو پرسە.
رۆژی ١٩ی ئاب، مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئەو لەگەڵ دواخستنی پرۆسەی ھەڵبژاردن نییەو داوایکرد لەکاتی دیاریکراودا ئەنجام بدرێت.
لەلایەکی دیکە نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەکۆبونەوەیەکی نێوخۆیی بزووتنەوەکەیان ئاشکرایکردبوو بزووتنەوەکەیان لەگەڵ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنە لەکاتی خۆیدا.
سەرچاوەیەک لەنێو حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەمڕۆ چوارشەممە گوتی " ئێران خوازیارە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخرێ بۆ کاتێکی دیکە، بەڵام یەکێتی و پارتی ئەو داوایەی ئێرانیان رەتکردووەتەوەو ئامادە نەبوون بچنە ژێر باری داوایەکی لەوجۆرە".
لەبارەی دەستتێوەردانی ئێران بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان(شۆڕش ئیسماعیل) بۆئاژانسی ئانادۆڵو تەنیا گوتی"ئاگاداری شتی وانیم".
بڕیارە لە٢٠/٩/٢٠١٣ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێ و دوو مانگ دواتر ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجامبدرێت.