Zana Natık Kerem
24 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2017
بەغدا ــ AA
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی سەربە وەزارەتی بەرگری عێراق، عەمید یەحیا رەسول رایگەیاند كە لە میانی شەڕو پێكدادانەكانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری تەلەعفەر رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا تا ئێستا، ٣٠٢ تیرۆریستی داعش كوژراون.
ئەم لێدوانەی عەمید یەحیا رەسول لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا هات كە لەگەڵ گوتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، رایان دیلۆن لە بارەگای وەزارەتی بەرگری عێراق لە بەغدا سازی كرد.
یەحیا رەسول گوتی: "لە میانی شەڕو پێكدادانەكانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری تەلەعفەر تا ئێستا، ٣٠٢ تیرۆریست كوژراون".
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان ئاماژەی بەوەشدا كە تا ئێستا هێزە هاوبەشەكان ٣١ ناوچە، گوند و گەڕەكیان لە شاری تەلەعەعفەر كۆنتڕۆڵكردووەتەوە و بە پێی ئەو پلانەی بۆیان دانراوە لە سەرجەم میحوەرەكان لە پێشڕەوییكردن بەردەوامن.
ناوبراو باسی لەوەشكرد كە هەر لە میانی شەڕو پێكدادانەكانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری تەلەعفەردا، هێزە عێراقییەكان ٣٥ ئۆتۆمبێلێكی داعشیان تێكشكاندووە كە لە نێویاندا ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو هەبوو.
لای خۆیەوە گوتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، رایان دیلۆن پێشبینی كرد كە شەڕو پێكدادانەكانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری تەلەعفەر توند بێت.
رایان دیلۆن گوتی: "سەرچاوەكانی رێكخراوی داعش لەناو قەزای تەلەعفەر بەتەواوی بلۆككراون و چەكدارەكانیشی لەناو قەزاكە گەمارۆدراون".
گوتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش پێشبینی كرد كە شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوەندی قەزای تەلەعفەر توند بێت.