Salim Xemexan
28 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 29 تشرینی یەکەم 2016
جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە بۆکاروباری ھونەریی، کاوە شێخ عەلی لەلێدوانێکدا بۆئاژانسی ئەنادۆڵۆ رایگەیاند: "ئێمە ھەواڵی گرتنەوەی ئاوی رووباری سیروانمان بیست، ئەمڕۆ سەردانی ناوچەی سازانمان کرد، بەڵێ ئەوەی ئەیبینین ئاوەکە بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو کەمی کردووە، بەراورد بەو رێژە ئاوەی پێویستە ساڵانە لەم وەرزەدا لەرووبارەکەدا ھەبێت، ئەمە نیشانەی ئەوەیە ئاوەکە گیراوەتەوە، کە نازانین چ رێژەیەکی گیراوەتەوە".
بەگوێرەی زانیارییەکان سەرەتای ئەم ھەفتەیە بەنداوی داریان کە حکوومەتی ئێران لەسەر رووباری سیروان لەناوچەی نەوسود لە ھەورامان دروستی کردووە، گیراوەتەوە و رێژەی ئاوی ھاتوو لەسەرچاوەی رووبارەکەوە بەتەواوی کەمی کردووە و ئەو بڕە ئاوەش لەئێستادا دێتە سەر رووبارەکە لەسەرچاوە ناوخۆییەکانی ناوچەی ھەورامان و بەشێکی ئاوی پاش بەنداوەکەی ئێران کۆدەبێتەوە و دێتە ناوخاکی ھەرێمی کوردستان.
جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە بۆکاروباری ھونەریی گوتیشی: "ئێمە پێشتر ھەندێک رێوشوێنمان گرتووەتەبەر بەپێدانی یاداشت بە پەرلەمانی کوردستان و لیژنەی کشتوکاڵ و شارەوانی پەرلەمانیش یاداشتیان بۆسەرۆکایەتی پەرلەمان بەرزکردووەتەوە، یاداشتیشمان داوەتە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی کشتوکاڵیش لەگەڵ حکوومەتی ئێران گفتوگۆیان کردووە، ھەروەک لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی عێراق قسەمان کردووە و لەو رووەوە گفتوگۆمان کردووە، ھاوکات داوای کۆنفرانسێکی خێرامان بۆلێکۆڵینەوە لەمەترسیەکانی گرتنەوەی ئاوی بەنداوەکە و گواستنەوەی رێڕەوی ئاوی پاش بەنداوەکە بەرەو ناوخۆی ئێران کردووە، بەڵام ھێشتا ئەو کۆنفرانسەش نەبەستراوە".
پێشتر و لەبەھاری ئەمساڵدا کۆماری ئیسلامیی ئێران بەشێوەیەکی کاتی ئاوی بەنداوەکەی بۆماوەی چەند ھەفتەیەک گرتەوە و رێژەی ئاوی سیروان بەتەواوی کەمی کرد، بەڵام پاشتر و بەھۆی کارکردن لەتونێلی پاش بەنداوەکە بۆگواستنەوەی رێڕەوی ئاوەکە بۆناوخۆی ئێران، ئاوی رووبارەکە بەردرایەوە.
شێخ عەلی زیاتر گوتی: "ئەم کێشەیە، کێشەیەکی نێودەوڵەتییە و بەتەنھا بەحکوومەتی ھەرێم چارەسەر ناکرێت و نە بە حکوومەتی خۆجێیی ناوچەکە، ئێمە لەگەڵ کونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر ئەم بابەتە قسەمان کردووە، ئەو بەراشکاوی پێی راگەیاندین کە لەدەسەڵاتی ئەواندا نییە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، پێویستە حکومەتی عێراق لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و پەرلەمان عێراق و پەرلەمانی ئێران بێنە سەر خەت و ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن".
بەگوێرەی وتەی ئەو ھاووڵاتیانەی لەسەر رووبارەکە خەریکی راوەماسی بوون، رێژەی ئاوەکە مەترێک بۆدوو مەتر کەمی کردووە، ئەوەش بەگوێرەر رێڕەوی رووبارەکە، یەکێک لەو گەنجانەی خەریکی راوەماسی بوو رێبوار حەمەرەشید بۆئاژانسی ئەنادۆڵۆ گوتی: "ئێمە ناوبەناو بۆکات بەسەر بردن دێینە سەر ئەم رووبارە، لەسەرەتای ئەم ھەفتەیەوە ئاوەکە بەتەواوی و بەم شێوەیەی ئێستا کەمی کردووە، ببینە قولاپی ماسی گرتنەکەمان دەدات لەبنی ئاوەکە، کە پێشتر لێرە زیاتر لە دوو مەتری تر ئاوی تێدابوو، بەڵام وابەو شێوەیە کەمی کردووە".
سەبارەت بەمەترسی و کاریگەریەکانی گرتنەوەی ئاوەکە جێگری پارێزگاری ھەڵەبجە بۆکاروباری ھونەریی رایگەیاند: "گرتنەوەی ئاوەکە بەشێوەیەکی گشتی کاریگەریی دەبێت لەسەر ئاوی خواردنەوەی ھەڵەبجە، ئەگەر بەرێژەیەکی زۆریش کەمبوونەوەی ئاوەکە کاریگەریی نەبێت لەسەر ئاوی ھەڵەبجە ئەوا لەرووی کوالیتیەوە ئاوەکەی زۆر پیس دەبێت، چونکە ئەوکاتە تەنھا ئاوی تانجەرۆ و زەڵم دێنە سەر رووبارەکە، کە ئەو ئاوە بەتایبەتی لەوەرزی ھاویندا کوالیتیەکی زۆر باشی نابێت، ھەروەک ئەمەش کاریگەریی لەسەر ئاوی خواردنەوەی سەیدسادق و شارەزوور دەبێت، لەگەڵ ئاوی خواردنەوەی دەربەندیخان و کەلار و گەرمیان و ھەموو ئەو ناوچانەی ئاوی خواردنەوەیان لەم رووبارەوە بۆدابین دەکرێت، لەگەڵ ئەو کاریگەریە گەورەیەی دەیکاتە سەر کەرتی کشتوکاڵ لەناوچەکەدا، ئەمە جگە لەو کاریگەریانەی لەسەر سێکتەری گەشتوگوزاری ھەڵەبجە و دەربەندیخان و گەرمیان دروستی دەکات، سەرەرای ئەو کاریگەریانەی لەسەر ژینگەی ناوچەکە دروستی دەکات بەتایبەتی زیندەوەرانی رووبارەکە و شێ و ئاوو و ھەوای ناوچەکە بەگشتی"