هەولێر
هەوڵە بەردەوامەكانی باشووری كوردستان بۆ بەرەو سەربەخۆییبوون و جیابوونەوە لە عێراق، رۆژ بە رۆژ گشتگیرتر دەبن و لەسەرتای ئەمساڵیشدا فەرمانگەی تەكنۆلۆجیای زانیاری سەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە وەدەستهێنانی دۆمینی KRD. توانی لە فەزای ئینتەرنێدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەربەخۆ بكات.
سەرۆكی فەرمانگەی تەكنۆلۆجیا و زانیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیوا ئەفەندی بە ئاژانسی ئەنادۆڵوی گوت: "بیرۆكەی بەدەستهێنانی TLD بۆ كوردستان لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٢ دەستی پێ كردووە، هەرچەندە پێش ئەوەش گەنجێكی زۆری كورد كە زۆرتر لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێ بوون هەوڵیان داوە كە شتێك بۆ كورد بكەن. من خۆم ساڵی ٢٠٠٨ و ٢٠٠٩ هەوڵی زۆرم دا و برادەرانی دیكەش هەبوون كە ئەو هەوڵەیان دەدا كە هەوڵیانداوە بۆ .kurd بەڵام ئەو كارە كارێكی زۆر سەختە و كاری تاكە كەسێك نییە. ئەوە بوو لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٢ بەسوودوەرگرتن لە دەرفەتێك كە ئایكان بۆ پێدانی TLD نوێ، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و داواكارییەكی پێشكەش كرد بۆ دۆمینی تایبەت بە هەرێمی كوردستان".
هیوا ئەفەندی روونیشی كردەوە كە "لە ٢٠١٢ـوە تاوەكو ٢٠١٦ دوای رێگایەكی دوورودرێژ و تێپەڕاندنی هەموو تێستە تەكنیكی و سیاسییەكان و تێپەڕینی پرۆسەكانی ئایكان خۆشبەختانە ئەمڕۆ گەیشتوون بەو رۆژەی كە دەتوانین بەسەربەرزییەوە بڵێین كە كوردستان خاوەنی TLD خۆیەتی".
رێكخستنی ئەدرێسەكان
هیوا ئەفەندی هەروەها دەڵێت: "هەر خزمەتگوزارییەك كە لە ئینتەرنێت هەبێت لە رێگای ئەدرێسێكەوەیە بۆ نموونە facebook.com یان cnn.com ئەوانە هەموو كۆتاییەكەی بە TLDێك كۆتایی دێت بۆ نموونە .com یان .org یان .uk كە هەموو خزمەتگوزارییەكان رێك دەخرێن بەپێی كەتی گوری ئەو خزمەتگوزارییانە. ئەگەر سەیری وڵاتێكی وەكو توركیا بكەین هەموو شوێنە حكوومیەكانی خۆیان لە ژێر ناوی gov.tr رێكخستووە. ئێمە كە دەمانەوێت دامودەزگای خوێندنی خۆمان رێك بخەین لەو چوارچێوەیەدا edu.krd دەنووسین".
گرنگی .krd
سەرۆكی فەرمانگەی تەكنۆلۆجیا و زانیاری حكوومەتی هەرێمی گوتیشی: "گرنگی .krd ئەوەیە كە لە رێگەی ئەو پاشگرەوە تۆ دەزانیت كە ئەو كەسە یان ئەو دامودەزگا حكوومییە یان ئەو كۆمپانیایە سەر بە چ وڵاتێكە كە واتە رێكخستنی TLD وەكو رێكخستنی ژمارەی تەلەفۆن وایە تۆ كەسێك لە رێگەی ٠٠٩٦٤ دەزانیت لە عێراقە ئەوە لە رێگەی TLDەكانیشەوە دەزانیت كە ئەو حزمەتگوزارییە ئەلیكترۆنییە سەر بە چ ولاتێكە".
كورد مافی خۆیەتی
هیوا ئەفەندی ئاماژەش بەوەدەكات كە "ئایكان كە ئەو دەرفەتە ئەداتە وڵاتان رەچاوی هەموو شتێك دەكات و بەپێی یاسای نێودەوڵەتی وەكو ئازادی رادەربڕین و ئازادی لە نوێنەرایەتیكردنی گەل و وڵاتان دەبێت و كوردیش مافی خۆیەتی كە نەك هەر یەك TLD بەڵكو مافی خۆیەتی كە دەیان TLD هەبێت. ئێستا هەر كەسێك یان لایەنێك ئەگەر بیەوێت TLD ـیەك بۆ كوردستان دیاری بكات بەپێی رێنماییەكانی ئایكان هیچ بەربەرستێك نییە. ئەگەر وڵاتێك خاوەنی سیاسەتێكی شۆڤێنی یان سیاسەتێكی دژی ئازادی تاكەكەسی بێت ئەوە رێگەت پێ نادرێت".
دژایەتیكردنی وڵاتان
سەرۆكی فەرمانگەی تەكنۆلۆجیا و زانیاری حكوومەتی هەرێم رونیشی دەكاتەوە كە "لە پاش وەرگرتنی TLD ـی .KRD بۆ هەرێمی كوردستان حەساسییەت لەلای وڵاتانی دراوسێ و حكوومەتی ناوەندیش هەبوو و هەوڵیش درا رێگری لێ بكرێت بەڵام خۆشبەختانە هەوڵەكانیان سەری نەگرت".
هیوا ئەفەندی لەمبارەوە زیاتر دوا و گوتی: "ئێران یەكێك بوو لەو وڵاتانەی كە ویستی رێگری لەوە بكات و جگە لە كۆماری ئیسلامی ئێران لایەنی دیكەی وەكو حكوومەتی ناوەندی ناڕازی بوو بەڵام تەنیا وڵاتێك كە بەشێوەیەكی جددی و لە رێگەی شێوازە یاساییەكانی ئایكانەوە ویستی رێگری لە TLD ـیەكە بكات ئێران بوو".
بەگوتەی هیوا ئەفەندی "ئایكان ماوەیەكی دیاری كردبوو بۆ ئەوەی هەر وڵات و لایەنێك كە ناڕەزایی دەرببڕێت بەرانبەر بە هاتنە كایەی TLD ـیەك داوایەك پێشكەش بە بۆردی تایبەتی ئەو بوارە دەكات و ئەو بۆردەش بە ناوی GACـیە كە ئەو ناڕەزاییانە وەردەگرێت و لێی ئەكۆلێتەوە و ئەگەر جێگەی سەرنج بن ئەوە رەنگە كاردانەوە پیشان بدەن و ئەگەر پێیان گرنگ نەبێت رەتی دەكەنەوە"
هیوا ئەفەندی گوتی: "ئێران دوو بیانووی بۆ رێگریكردن لەو TLDـیەكەی هەرێم هەبوو یەكەمیان ئەوە بوو كە دەیگوت كورد لە عێراق هەمووی پێنج ملیۆن كەس و بەشێكی زیاتری كورد لە ئێران و توركیادان لە كاتێكدا دان بەوە دادەنێن كە بەشێكی زیاتری كورد لە توركیا و ئێرانن بەڵام هیچ مافێكیان پێنەداون و ئەگەر دەزانن بەوشێوەیەیە زۆرترین كورد لە توركیا و ئێرانن بۆ TLD ـیەكیان بۆ دەستبەر ناكەن بۆ رێگری لە بەشێكی بچووك وەكو هەرێمی كوردستان دەكەیت و ناهێڵی كارەكەی خۆی بكات و بیانووی دوومیشیان ئەوەبوو كە هاتنە كایەی دۆمێنێكی وا حەساسیەت دروست دەكات لە ئاستی نێودەوڵەتی و ولاتانی دیكەش هەن كە دەست بۆ شتی لەو چەشنە دەبەن بۆ سەربەخۆبوون".
سەرۆكی فەرمانگەی تەكنۆلۆجیا و زانیاری حكوومەتی هەرێم ئاماژەی بەوە دا كە "بۆردی GAC كە سەیری بیانووەكانی ئێرانی كرد داواكارییەی بە هەند وەرنەگرت و لەلایەن ئایكانەوە ئێمە گڵۆپی سەوزمان بۆ هەڵكرا كە بەردەوام بین لە پرۆسەكەی خۆمان".
حكوومەتی عێراق
پاش ئەوەی كارە كرا و بڵاو بوویەوە كە هەرێمی كوردستان بووەتە خاوەنی TLDـی خۆی بەرپرسانی حكوومەتی ناوەنی هەریەك و لەلایەك دەستی بە رەخنەگرتن كرد.
هیوا ئەفەندی دەڵێت: "حكوومەتی عێراق لە ئاستێكی رێكخراودا نەبوو كە بتوانین ئەو كارە بكات و وەكو هەموو شتەكانی دیكە كە لە عێراقدا هەن بەڵام رەنگە لە پرۆسەكە تێنەگەشتن و لەوانەشە نەیانزانی بێت ئەو ناڕەزایەتییە پێشكەش بە ئایكان بكەن. پاش ئەوەی كە زانیان شتێكی وا هەیە پەرلەمانتارەكانیان زۆر هەرایان نایەوە كە گوایە هەرێمی كوردستان بەرەو سەربەخۆیی دەچێت و ئەوەش كێشە بۆ حكوومەتی عێراق دروست دەكات بەڵام لە ئاستێكی وا جددیدا نەبوو كە بتوانێت لە ئاستی نێودەوڵەتی كێشەمان بۆ دروست بكات".
توركیا بەرهەڵستی دروست نەكرد
سەرۆكی فەرمانگەی تەكنۆلۆژیای زانیاری حكوومەتی هەرێمی گوتیشی: "ئەوەی جێگەی سەرنج بوو بۆ من، ئەوە بوو كە حكوومەتی توركیا هیچ كاردانەوەیەكی نەبوو كە زیاتر لەوە دەترسام ئەوان كاردانەوەیان هەبێت و بەو كارە هەستن چونكە وڵاتێكی وەكو توركیا هێزێكی وای هەیە بتوانێت رێگری بكات. لەبەر ئەوەی كە بنكەیەكی سەرەكی ئایكان لە ئیستانبوڵە. یانی ئەوان لە رێگەی بارەگای ئایكانی ئیستانبوڵەوە پەیوەندی بە هەموولایەكانی دیكەوە دەكەن لە ئاسیا و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵام لەلایەن توركیاوە هیچ دژایەتیەكمان نەكرا بەڕای من ئەوەش فاكتەرێكی سەرەكی سەركەوتنی پرۆژەكە بوو".
دوو پیت و سێ پیت
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی TLD كاتێك كە ئەو ستانداردانە دانران. یەكەمجار دۆمینەكان دابەشكران بەسەر چەند كەتەگۆرییەكدا كە گرنگترینتان TLD وڵاتانی سەربەخۆ بوون.
هیوا ئەفەندی دەڵێت: "ئێمە لە مەسەلەی ئینتەرنێتدا GANRATE TLDـمان هەیە وەكو.org و .com و net . و تاوەكو ساڵی ٢٠١٢ ئەو دوو كەتەگۆرییە سەرەكییە هەبوو. بۆیە تا ئەوكاتە حكوومەتی هەرێم .org بەكار دەهێنا بەس بۆ ئەوەی كە نەكەوێتە ژێر هەیمەنەی عێراقەوە بەڵام لە ساڵی ٢٠١٢ ئایكان ئەو دەرگایەی كردەوە ئێمە .KRDـیمان".
هیوا ئەفەندی هەوەرها گوتیشی: "بەپێی ستانداردی ئایكان ئەو وڵاتانەی كە TLD دوو پیتی وەردەگرن دەبێت خاوەن نوێنەری خۆی بێت لە نەتەوە یەكگرتوەكان و دان بەسەربەخۆییەكەیدا نرابێت و ئەگەر وڵاتێك دانی پێدا نەنرا بێت ئەوە ئەو دوو پیتییەی پێ نادرێت. تەنیا وڵاتێك كە نیمچە ئیستیسنای بۆ كرابێت".
بەگوتەی سەرۆكی فەرمانگەی تەكنۆلۆژیا و زانیاری حكوومەتی هەرێم "بۆ كورد دوو پیتی و سێ پیتی گرنگ نییە چونكە ئەگەر دوو پیتی بێت یان سێ پیتی بەشێوەیەكی فەرمی دەبێتە پیناسە بۆ هەرێمی كوردستان و ئێستاشKRD نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان دەكات و ئەو شتەش كە بە دوو پیتی دەكرێت بە سێ پیتیش دەكرێت و تەنیا جیاوازی لە نێوان دوو پیتی وسێ پیتی لەوەدایە كە دوو پیتی كورتە و بەكارهێنانەكەی ئاسانترە بۆیە ئەگەر ئێمە لە پاشان بمانەوێت ببین بە دوو پیتی زۆر ئاسانترە لەوەی كە تاكو بووین بە سێ پیتی".
هیوا ئەفەندی گوتیشی: "ئەگەر هەرێمی كوردستان سەربەخۆیی وەرگرێت ئەوە گۆڕینی دوو پیتی بۆ سێ پیتی زۆر ئاسانترە، چونكە ئێمە ماوەی سێ ساڵ خەریك بووین تاكو KRDـیمان بە فەرمی وەرگرت و ئەو پرۆسەیەش ماوەیەكی زۆری ویست بەڵام ئەگەر بمانەوێت ببینە دوو پیت ئەوە ٨٠٪ تا ٩٠٪ كارەكانیمان كردووە و زۆر بە ئاسانی ئەوی دیكەش دەكرێت".
چۆنیەتی فرۆشتنی TLD
هیوا ئەفەندی دەڵێت: "هەر كەسێك كە بتوانێت .COMتۆمار بكات دەتوانێت .KRDـیش تۆمار بكات تەنانەت ئەگەر كوردیش نەبێت. ئازادی تەواوی هەیە و هیچ كۆنترۆڵێكی حكوومی بەسەرەوە نییە كۆنترۆڵەكە تەنیا لەو لایەنەوە هەیە كە ئەگەر یەكێك دۆمینەكە بۆ مەبەستی تیرۆر بەكار دەهێنێت ئێمە لەگەڵ ئەو لایەنەی كە دۆمینی پێ فرۆشتووە قسە دەكەین و پێی دەڵێن ئەو ماڵپەرە دابخات بەڵام ئێمە وەكو حكوومەت ناتوانین راستەوخۆ دەستێوەردان بكەین".
ئەو بەرپرسەی حكوومەتی هەرێم گوتیشی: "ئێستا لە كوردستان كۆمپانیاكانی بی ئێم دەبلیۆ و ئەمەزۆن و ئەپڵ دۆمینی KRDـیان تۆمار كردووە و لە پاشان چۆن بەكاری دەهێنن ئەوەیان نازانم و لەسەر سیاسەتی خۆیان وەستاوە".
داواكاری لە فەرمانگەكان
بەپێی نووسراوێكی فەرمانگەی تەكنۆلۆژیا و زانیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە رۆژی 24/12/2015 ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵای كردووە داوای كردووە كە هەموو زانكۆ و پەیمانگانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا دۆمینەكەی خۆیان بۆ EDU.KRD بگۆڕن بەڵام تاكو ئێستا ژمارەیەكی كەم لە زانكۆ و پەیمانگاكان دۆمینەكەیان گۆڕیوە.
هیوا ئەفەندی دەڵێت: "دابینكردنی دومەین شتێكە و پێگەیاندنی كادیری ناوخۆییش شتێكی ترە كە چۆن بە كاری بهێنێت ئەوە شتێكی ترە ئێمە دەتوانین دۆمینەكەیان بۆ دابین بكەین. بەكارهێنانی دۆمینەكە دەگەڕێتەوە سەر ئەوە كە ئەو وەزارەتە ئایا توانای تەكنیكیان هەیە بزانن TLDـیە چۆن بلكێنن. ئێمە فریای ئەو هەموو دامودەزگایە ناكەوین. گرنگ ئەوەیە ئەو دۆمینە هەیە جا كەی بەكاری دەهێنین ئەوە بابەتێكی ترە. مەسەلەكە پەیوەندی بە وەزارەتەكانەوە هەیە".
news_share_descriptionsubscription_contact



