ھەولێر
ئێزیدییەکان کە لە یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستانەوە نوێنەریان لە پەرلەماندا ھەبوو، بەڵام ئەمساڵ کەمی دەنگەکانیان نەیگەیاندنە خولی چوارەم.
نووسەرێکی ئێزیدی دەڵێ پێچەوانەی پێکھاتەکانی دیکەی گەلی کوردستان، لەگەڵ بەرەو پێشچوونی دیموکراسیی لە کوردستان، ئێزیدییەکان زیاتر بێبەش دەکرێن لە مافەکانیان، کورسییەکەی پێشتری ئێزیدییەکانیش لە پەرلەمان بە ھەتیو" ناودەبات کە لێی "بێبەشکران".
خدر شنگالی، نەبوونی ھیچ ئێزدییەک لە پەرلەمانی داھاتووی ھەرێم بە پێشێلکردنی پرۆژەی دەستووری ھەرێمی کوردستان دەزانێ و دابەشکردنی دادپەروەرانەی کورسییەکانی پەرلەمان بەسەر پێکھاتەکاندا کە پرۆژەکە باسی لێوەکردووە بە نموونە دەھێنێتەوە.
ھەروەھا شەمۆ قاسم، بەرپرسی لیژنەی رۆشنبیریی لە بنکەی لالش کە بنکەیەکی کەلتووریی ئێزیدیانە بۆ AA گوتی: " رووداوێکی خراپ بوو، ئەوە بۆ یەکەمین جارە ئێزیدییەکان لە پەرلەمان نوێنەریان نییە، ئەوەش کاریگەریی خراپی لەسەر کێشەکانمان دەبێ."
ئێزیدی یەکێکە لە ئاینە کۆنەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، پەیڕەوانی ئەم ئاینە بەزۆرینە کوردن و لە ھەردوو پارێزگای موسڵ و دھۆک دەژین، ئامارە نا رەسمییەکان دەڵێن ژمارەیان لە عێراق دەگاتە شەش سەد ھەزار کەس.
شەمۆ ھۆکاری بەتاڵبوونی کورسییەکەی پێشووتری ئێزیدییەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ دابین نەکردنی کورسی کۆتا بۆ ئێزیدییەکان لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ھاوشانی مەسیحی و تورکمانەکان، بەبۆچوونی ئەو پەراوێزخستنیان: "غەدرێکی گەورەیە."
لە ھەڵبژاردنی ئەیلولی رابردوو یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دوو کاندیدیان بۆ پەرلەمانی کوردستان ھەبوو، بەڵام ھیچیان دەنگی پێویستیان نەھێناو دەرنەچوون، بەو پێیە ئێزیدییەکان کورسییەکەیان لە دەستدا و لە خولی داھاتوو ھیچ نوێنەرێکیان نابێ.
ئێزیدییەکان ئەگەر ناوچەکانیان بخرێتە سەر ھەرێمی کوردستان پاش جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق ئەوا رێژەی ١٢%ی دانیشتووانی ھەرێم پێکدەھێنن، ترسیان لەوە ھەیە کە نەبوونی نوێنەر لە پەرلەمان بێ بەشیان بکات لە کابینەی حکومەت ئەگەرچی لەکابینەی شەش وەزیرێکیان ھەبوو.
ئامینە سەعید، پەرلەمانتاری ئێزدی لەسەر لیستی ھاوپەیمانیی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ AA گوتی: "نەچوونی ھیچ پەرلەمانتارێکی ئێزیدی بۆ پەرلەمانی کوردستان پێشھاتێکی خراپە، ئێزیدییەکان دەنگدەرێکی ئەوتۆیان نییە تا کورسیی پەرلەمانی بەدەست بێنن، بۆیە باشتربوو کورسیی کۆتا بۆ ئێزیدییەکانیش ھەبایە، پێویستە بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئێزیدییەکان لەوەزارەتدا بەشدارییان پێبکرێ بۆچی ئێزیدییەکان نابنە وەزیر، نابنە بریکاری وەزیر، ھیچ بەڕێوەبەرێکی گشتییان نییە، دەبێ ئەمە چارەسەر بکرێت، چونکە ئێمە بەشێکی دانەبڕاوی کوردین".