دیار بەکر
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان د.فوئاد حوسێن، ئەمڕۆ یەکشەممە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بەشێ لەکارنامەی سەفەرەکەی بارزانی باسکردو رایگەیاند: "یەکەم رۆژی سەردانەکەی بارزانی بۆ دیاربەکر "سەرکەوتوو بووە."
حوسێن گوتی: "سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە گشتی سەرکەوتنی باشی بەدەستھێناوە، کاریگەریی لەسەر ھێزە سیاسییەکانی کورد و تورکیایش ھەبووە. ئەوەی پێشتر تابۆ بوو و باسنەدەکرا ئێستا ئاسایی بۆتەوە، پێشتر خەڵک وشەی کوردستان لەتورکیا نەدەھات بەسەر زاریدا، کەچی ئێستا سەرۆکوەزیرانی تورکیا بۆ خۆی گوتی کوردستان، ھەروەھا ئاڵای کوردستان پێشتر قەدەغە بوو، ئێستا ئاسایی بۆتەوە."
لەپێش ئەو ھۆتێلەی بارزانی و ھاوڕێکانی تێیدا دەحەسانەوە، جمەی دەھات لەو کەسانەی دەیانەویست بارزانی و شڤان پەروەر ببینین، ھەروەھا نزیکەی چوار سەعات رۆژنامەوانان ، بێ ئەوەی ھیچیان دەست بکەوێ چاوەڕوانی قسەی ئەردۆغان و بارزانی بوون.
لەبارەی گرنگترین تەوەرەکانی گفتوگۆی نێوان بارزانی و ئەردۆغان، د.فوئاد حوسێن گوتی: "ھەڵسەنگاندنی یەکەم رۆژی سەردانەکە لە لایەن ھەردوولاوە، پرۆسەی سیاسیی لە تورکیا، پەیوەندیی سیاسیی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا، ھەروەھا دواتر باس لەسەرکەوتن و سەرنەکەوتنی کۆنگرەی جنێڤ٢ یش کرا."
لەبارەی باسکردنی پرسی نەوتەوە سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان گوتی" لە کۆبوونەوەی یەکەم رۆژ باسی راکێشانی بۆریی دووەمی نەوتبەر بۆ تورکیا و پرسی نەوت نەکراوە".