Omar Alothmani
06 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2020
بەغدا- AA
سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی، ئەرشەد ساڵحی رەخنەی لە پاشەکشەی ئاستی خزمەتگوزاری گشتیی لە پارێزگای کەرکووک باکووری عێراق و رایگەیاند "گەندەڵی" شارەکەی گۆڕیوە بۆ گوند.
ئەرشەد ساڵحی کە هاوکات ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە لە راگەیەنراوێکدا کە لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، تیایدا هاتووە "بڕە پارەی زۆرمان بۆ جێبەجێکردن و تەواوکردنی پڕۆژەکان لە پارێزگای کەرکووک تەرخان کرد، بەڵام جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە ئاسی پێویستدا نییە".
ئەرشەد ساڵحی ئاشکرای کردووە کە داوایان لە فەرمانگەکانی نەزاهە و چاودێری دارایی کردووە وردبینی لە چۆنییەتی خەرجکردنی پارەی تەرخانکراوە بۆ ئەو پڕۆژانە بکەن.
سەرۆکی بەرەی تورکمانی رەخنەی لە لایەنەکانی پەیوەندار بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان گرتووە و نووسیوویەتی: "بەداخەوە، کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە و گەندەڵی و سەرپێچییە بەردەوامەکان، کەرکووکی لە پارێزگایەکی ناسراوەوە گۆڕیوە بۆ گوند".
ئەرشەد ساڵحی جەختی لە پێویستی پارێزگاکە بە ئەنجوومەنێکی سەربەخۆ بۆ ئاوەدانکردنەوە و پڕۆژەکان کردووە و تەنها پشت بە بەڕێوەبەری فەرمانگەکان نەبەسترێت.
سەرۆکی بەرەی تورکمانی لەبارەی کارەکانی فڕؤکەخانەی کەرکووک داوای لە لایەنە پەیوەندارەکان کردووە بەداواداچووون بکەن بۆ چۆنییەتی خەرجکردنی بڕە پارەی تەرخانکراوە بۆ فڕۆکەخانەی کەرکووک لەگەڵ جێبەجێکردنی پرۆژەکە.
کەرکووک یەکێکە لە پارێزگا ناکۆکی لەسەرەکانی نێوان حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.