Abdullah Shukur
16 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2015
ھەولێر
پارێزگاری پێشووی مووسڵ، ئەسیل نوجێفی باسی ھێرشەکەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ سەر کەمپی راھێنانی بەعشیقەی کرد و رایگەیاند کە ھێرشەکە سێ سەعاتی خایاندووە و لە نێو ھێزەکانی حەشدی نیشتمانی کوژراو ھەیە.
نوجێفی لە دوای رووداوەکە بە تەلەفۆن وەڵامی پرسیاری ئاژانسی ئانادۆڵوی دایەوە.
نوجێفی گوتی: "لەکاتی ھێرشەکە من خۆم لە کەمپەکە بووم، رێکخراوی تیرۆریستی داعش بە تۆپی ھاوەن بۆ ماوەی سێ سەعات ھێرشی کردە سەر کەمپی بەعشیقە، ھاوکات سێ چەکداری حەشدی نیشتمانی کوژران و سێ کەسیش برینداربوون. لە پاڵ ئەمەش چوار سەربازی تورکیا بە سوکی برینداربوون. نزیکەی ١٣٠ ھاوەن کەوتە ناوچەی کەمپەکە".
نوجێفی ئاشکراشی کرد کە ھێرشەکە لە ناوچەیەکی نزیکی کەمپەکە ئەنجامدراوە. گوتیشی: "ئێمە پیشبینی ئەوەمان دەکرد کە داعش ئەم ھێرشە ئەنجام بدات. ئەمەش ئەوەی دەرخست کە ئێمە چەندە راست بووین لەبارەی زیادکردنی پێشگری ئاسایش بۆ کەمپەکە. ئیتر بۆ نەھێشتنی ھەڕەشەی داعش گشت ھەوڵەکانمان دەخەینە گەڕ".