ئەنقەرە
ئەو كەشتییەی بە ناوی (United Kalavrvta) كە نەوتی ھەرێمی كوردستانی تێیادایە گەیشتووە نزیكی كەناراوییەكانی ئەمریكا. ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی كە بگوترێ ئەمریكا سەرەڕای نەبوونی رەزامەندی بەغدا لەسەر فروشتنی نەوتی كوردستان بەڵام ھەڵوێستی بەرامبەر فروشتنی نەوتی كوردستان دەگۆڕێ.
نەوتی ھەرێمی كوردستان كە لە رێگای بۆڕییەوە دەگاتە بەندەری جەیھان لە باشووری توركیا، ھەرچەند مشتومڕەكان لەسەر فروشتنی ئەو نەوتە بەردەوامن بەڵام ئەو كەشتییەی كە مانگی حوزەیران لە بەندەری جەیھان نەوتی كوردستانی بار كردبوو گەیشتە كەنارەكانی تەكساس نزیك لە بەندەری گەڵڤستن لە ئەمریكا.
ئەو هەواڵە بوو ھۆی گفتوگۆیەكی نوێ، ئەویش، ئەمریكا تا ئەمڕۆ لە دژی فرۆشتنی نەوتی كوردستان بەبێ رەزامەندی بەغدا بوو، بۆیە كوردستان بۆ دۆزینەوەی كڕیار بۆ نەوتەكەی تووشی زەحمەت دەبوو و نەوتەكەی بە هەرزان دەفرۆشت. بەڵام ئەگەری كڕینی نەوتی كوردستان لە لایەن كۆمپانیا ئەمریكییەكانەوە و گەیشتنی كەشتییەكی نەوتی كوردستان بۆ كەنارەكانی ئەمریكا ئەو پرسە دەخاتە روو كە ئایا ئەمریكا ھەڵوێستی بەرامبەر فروشتنی نەوتی كوردستان دەگۆڕێ؟
شارەزایان لە لێدوانەكانیان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە سیاسەتی ئەمریكا لە بارەی ھەرێمی كوردستان دەكەن. مامۆستای بەشی زانستە سیاسییەكانی زانكۆی ویلایەتی میسیسیپپی د. دەیڤید رۆمانۆ ئاماژە بەوە داوە كە بەشداریی لە كۆبوونەوەی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا كردووە و لە میانی گفتوگۆكانی كۆبوونەوەكەدا چەندین ھیمای بەھێز ھەبوون لە بارەی ئەوەی كە سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە كورد و نەوتی كوردستان دەگۆڕێ.
رۆمانۆ گوتی: لێپرسینەوە لە سەر سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە ھەرێمی كوردستان و نەوتەكەی دەكرێ. لە كۆبوونەوەی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەراندا و لە كۆبونەوەكەدا ئاماژە بەوە كرا و ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بە توندی رەخنەیان لە جێگری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری عێراق برێت مەكگورك و جێگری وەزیری بەرگری ئەلیزا سلۆتكین گرت. ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران پرسیاری ئەوەیان دەكرد كە ئایا چەندە لەگەڵ عەقڵ و لۆژیك و سیاسەتی ئەمریكادا دەگونجێ كە ئەمریكا پارێزگاری لە سیاسەتەكانی نوری مالیكی بكا كە عێراقی تووشی كێشە و گرفت كردووە یا چە پێویست دەكا ئەمریكا بەرگری لەو سنورانە بكا كە لە لایەن بەریتانیاوە كێشراون. ھەروەھا ئاماژەیان بەوە كرد دژایەتیكردنی فروشتنی نەوتی كوردستان سیاسەتێكی ھەڵەیە، بە ھۆی ھەڵوێستی دۆستانەی كورد لە بەرامبەر ئەمریكا لە ساڵی ٢٠٠٣یەوە تا ساڵی ٢٠١١ لە كوردستاندا تەنانەت یەك سەربازی ئەمریكی بریندار نەبووە، پێویستە رەچاوی ئەو شتانە بكرێت و نابێ دۆستێكی بەو جۆرە لە ناوچەكەدا لە خۆمان بڕەنجێنین."
پسپۆڕی كاروباری عێراقی لە ناوەندی ویلسۆن لە واشینتۆن ماریانا ئۆتاوا گوتی: "بە راستی ھێشتا نازانین كە ئایا ئەو كەشتییە دەچێتە بەندەری گەڵڤستن یان نا كە ێستا ماوەی دوو رۆژ لە بەندەرەكە دوورە. ھێشتا ئەگەری ئەوە ھەیە كە رێگاكەی بگۆڕێ، بەڵام ھاتنی ئەو كەشتییە بۆ بەندەری گەڵڤستن و خاڵیكردنی بارەكەی لەوێ سێ مانای ھەیە. یەكەم مانا ئەوەیە كە ئەمریكا ھەستی بەوە كردووە كە پێویستە لە دژی داعش پشتگیری لە كوردستان و ھێزی پێشمەرگە بكا، یا بە مانایەكی دیكە ئەمریكا ھێشتا سیاسەتی بەرامبەر فرۆشتنی نەوتی كوردستان نەگۆڕیوە بەڵام بەو جۆرە دەیەوێ پەیامێك ئاراستەی مالیكی بكا و ´بڵێ ئەگەر ھاوكاری نەكەی ئەوا بزانە ئێمە چی دەكەین´. مانای سێیەمیش ئەوەیە كە رەنگە ئەو كۆمپانیایەی كە نەوتەكەی كڕیوە سیاسەتی ئەمریكای كردووە قوربانی بەرژەوەندییەكانی خۆی."
ئۆتاوای گوتی "لە كۆتاییدا ئەمریكادەبێ سیاسەتی خۆی بەرامبەر كورد و فرۆشتنی نەوتی كوردستان بگۆڕێ چونكە ئەمریكا بۆ ئەوەی بتوانێ شەڕی داعش بكا پێویستی بە كوردە، رەنگە ھاتنی ئەو كەشتییە نەوتییەیش پەیامێك بێ لەو چوارچێوەیەدا."