Rewa Mahmood Hasan
27 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 28 نیسان 2021
سلێمانی - AA
لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیدا، ئەنجوومەنێکی نوێ بۆ شارەوانی سلێمانی هەڵبژێردرا.
ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە کۆبوونەوەیەکدا لەسەر دامەزراندنی ئەنجوومەنێکی نوێی بۆ شارەوانی سلێمانی دەنگی دا کە تیایدا سەرۆکی شارەوانی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە دەبێت و بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی جێگری سەرۆک و لە ١١ ئەندامی تر پێکهاتووە کە بەڕێوەبەران و سەرۆکی سەندیکا و یەکێتییەکانی شاری سلێمانی-ن.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی لیستی خزمەت و حزبی شیوعی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد بە بیانووی نەبوونی هیچ ئەندامێکی لیستەکەیان لەنێو ئەندامانی نوێی ئەنجوومەنی شارەوانیدا.
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئازاد محەمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدان لەلایەن ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاوە رایگەیاند کە لەسەر پێشنیازی زۆرێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا داوا کراوە کە ژمارەی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی زیاد بکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیازێکیان نووسیوە و بەرزی دەکەنەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان تاوەکو لە ماوەیەکی کورتدا بڕیار بدرێت لەسەر زیادکردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی.