Heman Hussein Yaseen
27 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 28 نیسان 2021
ههولێر - AA
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە دوێنێ دووشەممە لە ئەنجامی گرژییەکانی ناوچە سنوورییەکان، زیان بە ھێڵی ٣٣ کەیڤی کارەبا کەوتووە لە دەڤەری کانیی ماسیی سەر بە پارێزگای دھۆک و بە تیمێک بە مەبەستی چاککردنەوەی کارەباکە سەردانی ناوچەکەیان کردووە و مینێکی چێنراو تەقیووەتەوە کە بووەتە ھۆی برینداربوونی فەرمانبەرێکی کارەبا و دوو ھاووڵاتیی دیکەی رێنیشاندەری تیمەکە.
لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی کارەبادا ھاتووە: ''دوێنێ ٢٦ی نیسانی ٢٠٢١ لەئەنجامی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و چەکدارانی پەکەکە لەدەڤەری کانی ماسی، ھێڵی ٣٣ کەی ڤی کارەبای (سەرسەنگ - کانی ماسی) زیانی گەورەی بەرکەوت، کە بەھۆیەوە کارەبا لەسەر ٧٠ گوندی ناوچەکە بچڕا''.
وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە: ''ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢١ بەمەبەستی چارەسەرکردنی گرفتەکە تیمێکی ٢٢ کەسی وەزارەتی کارەبا بەھاوکاری دوو ھاوڵاتی کە وەکو رێنیشاندەر لەگەڵ تیمەکانمان بوون سەردانی ناوچەکەیان کرد کە، بەداخەوە لەئەنجامی تەقینەوەی مین فەرمانبەرێکی بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی کارەبای دھۆک و دوو ھاوڵاتی رێیشاندەرەکە بریندار بوون''.
لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەدا وەزارەتی کارەبا وێڕای ئیدانەکردنی ئەم کارە و زیانگەیاندن بەفەرمانبەرانی خزمەتگوزاریی کارەبا، ھیوای چاکبوونەوە خێرای بریندارەکان دەخوازێت.