Zana Natık Kerem
27 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 27 نیسان 2021
ھەولێر ــ AA
سەرکردەی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی، عەممار حەکیم و وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف پێشھاتەکانی رەوشی عێراق و نێودەوڵەتییان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرکردەی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە ئەمڕۆ سێشەممە، عەممار حەکیم لە بەغدا پێشوازی لە محەمەد جەواد زەریف کردووە.
بەپێی راگەیەنراوەکە لە دیدارەکەدا، پێشھاتەکانی رەوشی عێراق و نێودەوڵەتیی تاوتوێکراوە.
ئاماژە بەوەیشدراوە کە لە میانی دیدارەکەدا، عەممار حەکیم جەختیکردووەتە لەسەر گرنگی پتەوترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئێران و لەبارەی ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە، کە پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکە دەرفەتێکە بە ئاراستەی سەقامگیری رەوشی سیاسیی.
لە راگەیەنراوەکەدا باس لەوەشکراوە کە لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، عەممار حەکیم جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە گفتوگۆی راستەقینە، تاکە رێگایە بۆ کۆتایھێنان بە قەیران و ناکۆکییەکان.
لە دوێنێ دووشەممەوە وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف بەسەردانێک لە بەغدایە و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ سەردانی ھەولێر بکات.