راوێژکاری ئەڵمانیا ئەنجێلا مێرکل بەبۆنەی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی ئەیالەتەکانەوە لە شاری برەمەن گوتارێکی پێشکەش کرد و داوای لە خەڵک کرد لەو ھەڵبژاردنانەدا دەنگ بە پارتی CDuبدەن.
مێرکل کە بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری شاری برەمەن کرد کە لەلایەن پارتەکەیەوە (پارتی یەکێتیی دیموکراتی مەسیحی) رێک خرابوو، گوتی: "پێویستە سیستەمی ئابووری و پەروەردە لە برەمەن بەرفراوانتر بکرێت و پێویستە دەسەڵات لە برەمەن کە نەیتوانیوە رێژەی بێکاری کەم بکاتەوە بگۆڕدرێت و بۆ ئەم مەبەستە پێویستە دەنگ بە پارتی یەکێتیی دیموکراتی مەسیحی بدەن".
ئەنجێلا مێرکل بەڵێنی ھاوکاریکردنی برەمەنی دا بۆ ئەوەی بتوانێت لە کێشەکانی ئابووریی رزگاری بێت. ناوبراو ھەروەھا باسی لە گرنگی ئەو ھەڵبژاردنانە کرد کە رۆژی یەکشەممە ئەنجام دەدرێن و جەختی لەوە کردەوە کە رێژەی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردن لەم ئەیالەتەدا کەمە و پێویستە ئەوانەی مافی دەنگدانیان ھەیە قەدری ئەو مافە بزانن و بەشداری لە پڕۆسەی دەنگدان بکەن.
مێرکل لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی گرنگی دیموکراسیشی کرد و گوتی: "پێویستە خۆشحاڵ بین کە ٧٠ ساڵە لێرە بە ئازادی دەژین و ئازادی ئایین و بیروڕا بۆ ئەڵمانیا زۆر گرنگە".
کاندیدای برەمەنی پارتی یەکێتی دیموکراتی مەسیحی لەیزابەت مۆتسچمان بەھۆی پشتگیری مێرکلەوە سوپاسی ناوبراوی کرد و گوتی: "قسە و کرداری مێرکل وەکو یەکن و ھەموو ئەو شتانەی جێبەجێیان دەکات راستن و لەو رۆژەوەی ھاتووەتە سەر پۆست هەتا ئەمڕۆ لە ئەڵمانیا بەشێوەیەکی بەرچاو رێژەی بێکاری دابەزاندووە بەڵام ئەم رێژەیە لە برەمەن دوو ئەوەندە بەرز بووەتەوە، ئێمە لە نێو حکوومەتدا ئەوەمان سەلماند کە لە بەڕێوەبردندا سەرکەوتووین و ئێستەش کات، کاتی ئەنجامدانی گۆڕانکارییە لە برەمەن".
لەلایەکی دیکەوە گرووپێکی ٢٠ کەسی دژی پارتی یەکێتی دیموکراتی مەسیحی، بە بەرز کردنەوە لافیتە و پۆستەری جیاجیا ئیدانەی سیاسەتەکانی ئەنجێلا مێرکل و پارتی یەکێتیی دیموکراتی مەسیحییان کرد.