بەشێکی زۆری جیاکردنەوەی دەنگەکانی ھەڵبژاردنی ٦٥٠ ناوچەی بەریتانیا کۆتایی پێھاتووە و بەپێی ئەنجامەکانی بەرایی لە بارەی دەسەڵاتی داھاتووی بەریتانیاوە سیناریۆی جیاجیا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.
بەپێی ئەنجامی راپرسییەکان پارتی موحافێزەکار یەکەمی سەندووقەکانە بەڵام لەو ناوچانەدا کە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانیان دیار نییە دەگوترێت پارتی کرێکاران لە پێشەوەیە. میدیاکانی بەریتانیا باسی لەوە دەکەن کە ئەنجامی راپرسییەکان ئەوە دەسەلمێنن کە پارتی موحافێزەکار بە سەرۆکایەتی دەیڤید کامیرۆن ٣١٦ کورسی بە دەست هێناوە بەڵام ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە ئەو پارتە ٣٢٩ پەرلەمانتاری ھەبێت و ئەم ژمارەیە بۆ ئەوەی کە پارتی موحافێزەکار بە تەنها ببێتە دەسەڵات ژمارەیەکی یاساییە. چونکە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان بە گشتی ٦٥٠یە.
یەکێکی دیکە لەو پێشبینیانەی کە لەلایەن میدیاکانەوە بڵاو کراوەتەوە ئەوەیە کە پارتی موحافێزەکار کە بۆ ئەوەی بە تەنها ببێتە دەسەڵات پێویستی بە ٣٢٦ کورسی ھەیە بەڵام بە چەند کورسییەکی کەمتر پارتی موحافێزەکار دەچێتە پەرلەمانەوە. تۆڕی میدیایی بی بی سی باس لەوە دەکات کە لە بارودۆخێکی بو جۆرەدا پارتی موحافێزەکار بە تەنیا دەتوانێت ببێتە دەسەڵات. بی بی سی ھەروەھا ئاماژە بەوە دەکات کە پارتی شین فەین لە باکووری ئیرلەندا بە چوار پەرلەمانتارەوە و دەنگنەدانی شین فەین بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان دەبێتە ھۆی ئەوەی کە رێژەی دەنگەکانی پارتی موحافێزەکار بۆ ئەوەی بە تەنها ببێتە دەسەڵات دەگاتە رێژەی یاسایی.
لە بەردەم پارتی موحافێزەکار کە ئەگەری ھەیە بۆ جاری دووەم ببێتەوە دەسەڵات بژاردەی دامەزراندنی حکوومەتی ھاوپەیمانی و حکومەتی کەمینە ھەیە و ئەگەر سەرۆکوەزیران دەیڤید کامەرۆن نەیەوێت لەگەڵ پارتێکی دیکەدا بە ھاوبەشی حکوومەت دابمەزرێنێت ئەوە حکوومەتی کەمینە دادەمەزرێنێت.
چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە پارتی موحافێزەکار ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر پارتەکە ناچاری گفتوگۆکردن لەسەر دامەزراندنی حکوومەتی ھاوپەیمانی بێت ئەوە پارتی یەکێتیی دیموکراتیک لە باکووری ئیرلەندا کە ھەشت پەرلەمانتاری ھەیە یا لەگەڵ پارتی لیبراڵ دیموکرات لەسەر مێزی دانوستان دادەنیشێت.
سیستەمی ھەڵبژاردنی بەریتانیا کە لە چوارچێوەی ناوچەی بەرتەسک و زۆرینە بۆنیات نراوە، ئەو پاڵێوراوەی کە لە ناوچەکەدا رێژەی زۆری دەنگەکان بەدەست دەھێنێت راستەوخۆ دەبێتە پەرلەمانتار.