ئەنجامی زیاتر لە نیوەی ٦٥٠ ناوچەی ھەڵبژاردنەکانی بەریتانیا ئاشکرا کران. لە ٣٢٥ ناوچە کە دەنگەکانیان جیا کراونەتەوە پارتی کرێکاران ١٣٥، پارتی موحافێزەکار ١١٤، پارتی نیشتمانی ئیسکۆچ ٥٠، پارتی لیبراڵ دیموکرات ٦، پارتی سەربەخۆیی بەریتانیا ١ و پارتەکانی دیکەیش ١٩ پەرلەمانتاریان دەرخستووە.
سەرۆکی پارتی کرێکارانی ئیسکۆچ جیم مورفی، کاندیدی SNP کریستیان ئۆوسوئالد کورسییەکەی لەدەست دا و بەرپرسانی باڵای پارتی لیبراڵ دیموکرات لە ھەڵبژاردنەکاندا رووبەڕووی شکەست بوونەوە. وەزیری وزە و گۆڕانکاری کەشوھەوا لە حکوومەتە ھاوپەیمانییەکەدا ئەد داڤەی کە سەر بە پارتی لیبراڵ دیموکرات بوو لە ناوچەی سوربیتۆن خۆی کاندیدا کردبوو بەڵام کورسییەکەی خۆی دایە کاندیدای موحافیزەکار جەمیس بەری. داڤەی کە لە ساڵی ١٩٩٧ەوە هەتا ئەمڕۆ پەرلەمانتارە، لە ساڵی ٢٠١٢ەوە هەتا ئەمڕۆ وەکو وەزیری وزە کاری کردووە.
سیمۆن ھوگھەس کە ٣٢ ساڵ ئەندام پەرلەمانە و ماوەیەکیش جێگری سەرۆکی پارتی لیبراڵ دیموکرات بووە لە ناوچەی بەرموندسەی ئۆلد سۆوتھوارکدا خۆی کاندیدا کردبوو و کورسییەکەی دایە کاندیدای پارتی کرێکاران، ڤینسە جەبلە کە وەزیری نوێکاری و شیانەکانی حکوومەت کە سەر بە پارتی لیبراڵ بوو لە ناوچەی تویجکەنھام خۆی کاندیدا کردبوو بەڵام دەنگی نەھێنایەوە و بە جیاوازی دووھەزار دەنگ لەم ناوچەیەدا کاندیدای پارتی موحافیزەکار چووە پەرلەمانەوە. جابلە کە لە ساڵی ١٩٩٧ەوە ئەندام پەرلەمانە ھاوکات پۆستی جێگری سەرۆکی پارتەکەیشی وەرگرتووە.
چاوەڕوان دەکرێت کە پارتی لیبراڵ دیموکرات کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ ھاوپەیمانێکی بچووکی حکوومەتە ھاوپەیمانییەکە بوو، ژمارەیەکی زۆر لە ٥٧ کورسییەکەی خۆی لە دەست بدات. سەرۆکی ئەو پارتە نیک کلەگ لە ناوچەی شیفەیلد بە بەدەستھێنانی ٢٢ ھەزار و ٢١٥ دەنگ دووبارە چووە نێو پەرلەمانەوە و بەپێی ئەنجامی راپرسییەکان دەگوترێت لیبراڵ دیموکراتەکان ئەمجارە لە نێو پەرلەماندا ١٠ کورسییان دەبێت.
بۆریس جۆھانسۆن کە بە رەسەن تورکە و کاندیدای ناوچەی ئوکسبریدگەی پارتی موحافیزەکار بووە و ھاوکات سەرۆک شارەوانی لەندەنیش بوو توانی بە بەدەستھێنانی ٢٢ھەزار و ٥١١ دەنگ بچێتە پەرلەمان. جۆھانسۆن لە ساڵی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٨یش ئەندام پەرلەمان بووە.
لەلایەکی دیکەوە جۆرجە گلاۆوای کاندیدای ناوچەی برادفۆردی پارتی رەسپەست کە بە پشتگیریکردن لە فەڵەستین ناسراوە، داوای کرد کە لەو ناوچەیەدا کە تێدا کاندیدا بووە دەنگەکان دووبارە ئەژمار بکرێنەوە. لەلایەکی دیکەوە راگەیاندنی بەریتانیا باسی لەوە دەکرد کە جۆرج گلاۆوای چاوەڕوانی ئەوەی دەکرد کە کورسییەکەی لە دەست بدات.
دوێنێ لە بەریتانیا، ئیسکۆچیا، گالەر و باکووری ئیرلەند نزیکەی ٤٢ ملیۆن دەنگدەر بەشداری هەڵبژاردنیان کرد و دوای کۆتاییھاتنی پڕۆسەی دەنگدان، بەپێی ئەنجامی راپرسییەکان دەرکەوت کە پارتی موحافیزەکار بە بەدەستھێنانی ٣١٦ کورسی و پارتی کرێکارانیش ٢٣٩ کورسی بە دەست دەھێنێت.