ھەولێر-AA
لە ھۆڵی سەعد عەبدوڵڵا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی لەگەڵ سەندیکاکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تێیدا گوتارێکی پێشکەش کرد
لە گوتارەکەدا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر پڕۆسەی ریفراندۆم و ھۆکارەکانی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان کە ئاماژەی بە قۆناغە جیایاکانی رابردووی گەلی کورد دا لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق.
دەقی گوتارەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی:-
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی گوتی: "ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، دەبینین هەموو رێگاکان تاقیکراونەتەوە لەگەڵ بەغدا، بۆخۆم لەگەڵ بەغدا وایدەبینم کە ئێمە بە دووقۆناغی سەرەکی دا تێپپەڕین کە یەکەمیان لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی تا ساڵی ٢٠٠٣ و قۆناغی دووەمیش لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ دەستی پێکرد".
قۆناغی یەکەمیان کە حوکم کەوتە دەستی سوننییەکان و هەموومان دەزانین کە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، کێشەی هەرە گەورە لەنێوان هێزی هاوپەیمانان و تورکیا لەسەر ویلایەتی مووسڵ بوو کە لەوەدا کورد دەنگی بۆ ئەوەدا کە ویلاتی مووسڵ لەگەڵ عێراق بمێنێتەوە، پاشان لە پەیمانی لۆزان ئەو مافەیان لە ئێمە وەرگرتەوە کە خۆمان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆمان بدەین بەڵام بەو مەرجەی کە ئێمە هاوبەشبین لەم وڵاتەدا، بەلام وەک هەمووان دەزانن کە بەشی ئێمە وێرانکردنی وڵاتەکەبوو کە ٤ هەزار و ٥٠٠ گوند وێرانکران لە کۆی ٥ هەزار گوند، هەروەها ١٢ هەزار گەنجی فەیلی بێ سەروشوێنکران لە تەمەنی ١٨ ساڵی تا ٣٠ ساڵی، هەشت هەزار بارزانی بێ سەروشوێنکران و ئەنفالی سەرتاسەری ئەنجامدا کە تێیدا ١٨٢ هەزار کەس بێسەروشوێنکرا و دوایی کیمابارانی ناوچەکانی کوردستان و هەڵەبجەش بووە سیمبولی ئەو کارەساتە و سەرەڕای ئەو زوڵمە زۆرەش بەڵام خەڵکی هەرێمی کوردستان رەوشتێکی جوانییان نیشاندا کاتێک دوو فەیلەقی سوپای عێراق خۆیان رادەست کرد و خەڵکی کوردستان هیچ کاردانەوەیەکی خراپی بەرامبەریان ئەنجام نەدا و هەموو ئازاد کرا.
زۆر باسی ئاشتەوانیی دەکرێت لە ئەفەریقا بەڵام کەس نەبوو ئەو رەوشت بەرزییەی هەرێمی کوردستان بۆ دونیا باس بکات، لەگەڵ رێزم بۆ نیلسۆن ماندێلا کە کەسێکی گەورەبوو، بەڵام ئەگەر ئەویش زیندانەکانی ئەبو غرێبی بینیبوایە ، ئینجا با ئەو ماندێلایە بوایە، بە سەدان کەس وەکو ماندێلا لەناو کورد هەڵکەوتوون و بێ سەروشوێنکران و لەناو تیزاب توانەوە کە بواری ئەوەیان نەبوو هیچ قسەیەک بکەن.
کاتێک کێشەی قەرەتەپە دروست بوو، فەرمانییان کرد و تانکەکانیان بەرەو خانەقین جوڵاند، ئەو کات چوومە بەغدا لەگەڵ جەنابی مام جەلال، لەماڵی سەید عەبدولعەزیز حەکیم دانیشتین و ئەو کاتە مالیکی سەرۆکوەزیران بوو، گوتم کێشە لەسەر ئەوە نییە کە تانک بیست تانک ناردراوەتە خانەقین بەڵکو کێشە لەسەر ئەوەیە کە ئەقڵیەتەکە نەگۆڕاوە چونکە ئێمە لە ٩ هەزار تانکی سەدام نەترساوین و لە بیست تانکی شکاوی ئێوە ناترسین، بەڵام کە چارەسەری کێشەکان بە تانک و ئەو بابەتانە بکرێت ئەوا ئەو متمانەیەی کە هەبوو ئەوا نەما، زۆریش هەوڵماندا لەگەڵ بەغدا و ئەمریکا و هاوپەیمانان و یەکێتی ئەورووپا کە ئەگەر چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیە نەکرێت ئەوە تەحەمول ناکەین و هەمووان دەیانگوت ئەوە کارتی فشارە بەکاردەهێنن.
ئەمە بڕیاری خەڵکی کوردستانە و بڕیاری تاکە کەس نییە و لەلام سەیرە کە دەوڵەتان دەڵێن نابێت ئەم پڕۆسەیە بکرێت چونکە ئێمە هیچ گوناهێکمان نەکردووە، ئایا ئەوان چۆن ئەو حەقە بەخۆیان دەدەن کە رێگری لەو مافە بکەن کە بۆخۆمان دەنگی لەسەر دەدەین.
ریفراندۆم بۆ ئەوەیە کە رێگا لە کارەساتێک بگرین چونکە ئەوان (بەغدا) دەڵێن بگەڕێنەوە هێڵی سەوز لە کاتێکا ئەمە سنووری هەرێمی کوردستان نییە بەڵکو ئەمە هێڵی نێوان پێشمەرگە و هێزی سەدام بوو، ئەوان دەیانەوێت ئەمە بکەنە واقع و دەیانەوێت بڵێن لە کەرکووک و خانەقین و شنگال و مەخموور دەرچن، ئایا ئێمە دەبێت چی بکەین ئەو کات.
پار کە چووینە بەغدا بە عەبادیمان گوت با جورئەتمان هەبێت کە لە هەمووو شتێک شکتسمان هێنا و با بڕیار بدەین ببینە دوو دراوسێی باش و بە یەک لێتێگەیشتن و دوور لە توند و تیژی چونکە ئێمە دوو بژاردەمان هەیە، یان دەبێت هەنگاوێک بڕۆینە پێش و یان دەبێت رازی بین بە دەسەڵاتی بەغدا و ئەوکاتیش بەڕێوەبەری ئاسایش دەبێتە کەسێکی موسەوی یان حوسێنی یان نەجەفی.
هەندێک کەس باسی دواخستنی ریفراندۆم دەکات و گوایا سازش لەسەر ئەو پڕۆسەیە دەکەین، بەڵام ئەوە شاندەکەی هەرێم ئەمڕۆ گەیشتوونەتەوە هەولێر و زۆر بە سەرکەوتوویی سەردانەکەیان کۆتایی پێهێناوە چونکە ئەوان بۆ ئەوە نەچوون کە رێککەوتن لەسەر دواخستنی پڕۆسەی ریفراندۆم بکەن بەراستی بۆ ئەوە چوون کە بزانین دوای ریفراندۆم دەبێت چی بکەین چونکە کۆمەڵێک پرس هەیە وەکو پرسی سنوور و پرسی ئاو، بۆیە دەبێت دەوڵەتی داهاتوو دەوڵەتێک بێت بۆ هەمووان و لەسەر بنەمای دیموکراسی پێک بێت و هەموو پێکهاتەکانی ئایینی یەکسان بێت و هەموو مافەکان دەستەبەر بکرێت، دەبێت زۆر کراوەبین بەرامبەر بە یەکتر و نابێت رێگە بدرێت رەگەزپەرستی و جیاوازی هەبێت، دەبێت دەوڵەتێکی مۆدێرن بێت و پاشان بۆخۆتان دەتوانن هەرچۆنێک بتانەوێت دایبڕێژنەوە، ئەگەر ئەو سەرکەوتنە هات ئەوا بۆ هەموومانە، ئەگەر شکستیش بوو ئەوا من ئامادەم باجەکە بدەم و ئەگەریش چوار پێنج رۆژیش سنوور داخرا ئەوا من باجەکە دەدەم.
ھیچ ژیانێکی بەزۆر و لەیەکترجیابوونەوەیەکی بەزۆر سەرینگرتووە، ئەوە سەیری تەجروبەی ئەورووپا بکەن، ھەڵوێستی ئەو دەوڵەتانە شتیێکی ئاساییە لەبەر ئەوە ھیچیان نایەن بڵێن ئێمە تەئیدی دەوڵەتی کوردستان دەکەین، بەڵام ھیچیان دژی نین تەنیا دەڵین کاتەکە گونجاو نیە، ئێمە دەپرسین کەی کاتەکە گونجاوە و بەدیل چییە؟ ئێمە ئامادەنین گاڵتە بە خەڵکی خۆمان بکەین و میسداقیەتی خۆمان لەدەست بدەین، ئێمە ئەوە قبوڵ ناکەین، ریفراندۆمیش دەکەین و دوایناخەین، ئەگەر ئەو دەوڵەتانە پێیان وایە کاتەکە گونجاو نیە با بێن بە خەڵکی کوردستان بڵین کاتەکە گونجاو نیە و زەمانەتێک ھەبێت بۆ ئەم بابەتە.
حکوومەتی عێراق نزیکەی ٥٥ ماددەی دەستووری پێشێلکردوون کە زۆرینەی گەلی عێراق دەنگی پێداوە، خەڵکی تەعامول لەگەڵ ئەمری واقع دەکات، زۆر لەو وڵاتانەی کە کۆنسوڵخانەیان لە ھەولێر ھەیە، سەرەتا دژی راگەیاندنی فیدڕاڵییەت بوون، کەس بەقەد برێمەر دژی فیدڕاڵی نەبوو کە ھاتە عێراق، بەڵام ئەمری واقع بوو کە پێی رازی بوو، ئێمە زۆر کێشەمان ھەیە بەڵام ھیچیان نابێت ببێتە پاساو یان ببێتە کۆسپ و تەگەرە لەبەردەم ھەنگاوەکان چونکە بە قەناعەتی من بەم پڕۆسەیە دەتوانین زۆر لە کێشەکان چارەسەر بکەین، راستە ئێستا ئێمە فیدڕاڵیمان ھەیە بەڵام ئاسمان و سنوور و ئابووری ئێمە لەدەست بەغدایە و دۆخێکی تایبەت بووە و توانیوومانە ھەندێک شت بکەین.
ئێمە ھەموو ھەوڵێکمانداوە بۆ ئەوەی یەکڕێزی و تەبایی لەناوخۆیدا ھەبێت، ھەوڵمانداوە ئەو مەرجانە ھەڵبگرین کە پێشترھەبوون، بۆئەوەی چارەسەری کێشەکان بکەین، دەبێت ھەموومان مل بدەینە بەر ئەو پڕۆسەیە، مەعقول نیە لەبەر کێشەیەکی حزبی کۆسپ بۆ پڕۆسەکە دروست بکرێت، چونکە نازانین جارێکی دیکە ئەو دەرفەتە دێتەوە پێش یان نا.
سەبارەت بە کێشە ناوخۆییەکانیش حەز دەکەم شتێک بڵێم، رەنگە لە رابردوودا کۆمەڵێک خیلافمان لەگەڵ گۆڕان هەبووبێت بەڵام چەند بیری لێ دەکەمەوە لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامیی هیچ کێشە و ناکۆکییەکمان نەبووە نازانم هۆکاری ئەوان چییە سەبارەت بە بەشدارینەکردنیان لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم.
دوای گوتارەکەی بارزانی، دەرگای گفتوگۆ کرایەوە بۆ ئەوەی بەشداربووان بۆچوون و پێشنیازەکانییان بخەنەڕوو کە زۆرینەی پێشنیازەکانیش ئەوەبوو کە ھەوڵبدرێت ناوماڵی کورد یەکبخرێت و بارزانیش داوای ئەوەی کرد ھەموو لایەک ھاوکاربن بۆ سەرخستنی ئەو پڕۆسەیە و ئاماژەیشی بەوەکرد کە ئەم پڕۆسەیە موڵکی ھیچ کەس و لایەنێک نییە و پرسێکی نیشتمانییە و لەکۆتاییشدا بارزانی گوتی: "سەبارەت بە پرسی سەرۆکایەتی ھەرێم، من بە ھەموولایەکم گوتووە کە نە خۆم کاندید دەکەم و نە یاسا بۆ من بگۆڕن و ھەڵبژاردن بکەن و کێ دەرچوو بروای میللەتی بەدەستھێنا، ئەوە بەسەر سەر، یان فەرموون برادەرێک دەستنیشان بکەن تا ھەڵبژاردن با ئەو ئەمانەتەی تەسلیم بکەم".
news_share_descriptionsubscription_contact

