Dlshad Saifaalddin Ahmed
21 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 22 ئاب 2017
سلێمانی ـ AA
شاندەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی سكرتێری مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە، فازڵ میرانی دوای كۆبوونەوەیەكی درێژخایەن لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، سەردانی بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان كرد لە شاری سلێمانی و لە لایەن لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبە مەلا بەختیار و ژمارەیەك لە بەرپرسانی تری یەكێتی پێشوازی كران.
شاندی پارتی بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر لەگەڵ رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، عومەری سەید عەلی و بەرپرسانی تری گۆڕان لە كۆبوونەوەدا بوون، دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكەش ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێك لەسەر دەرەنجامەكەی بدەن.
چاوەڕوان دەکرێ پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان لەم بارەیەوە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی نێوان پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان بووبێتن.