ھەولێر
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی لە بارەی یادداشتەکەی فڕاکسیۆنی سەوز کە ناڕەزایەتییان لەمەڕ دەستگیر کردنی حەیدەر شەشۆ دەربڕیبوو نامەیەکی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان نارد کە وێرای ئاماژەکردن بە شەڕی شنگال رایگەیاندووە، دوای شکستی داعش لە میحوەری زومار شنگال و شکانی ئابڵۆقەی چیای شنگال داوایان لە وەزارەتی پێشمەرگە کردووە کە ھەموو ئەو ھێزانە بە ھێزەکەی حەیدەر (شەشۆ)ـیشەوە رێک بخرێن کە لەدژی تیرۆریستان شەڕیان کردووە و بخرێنە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە.
سەرۆکی هەرێم رایگەیاندووە "لەجیاتی ئەوەی حەیدەر شەشۆ بێت و لە ناو وەزارەتی پێشمەرگە وەک ھێزێکی سەر بە وەزارەت دەستبەکار بێت، لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە ھێزێکی دروست کرد و بە بێ ئاگاداریی ھەرێم پارەی لە شوێنی تر وەرگرت و تەحەدای دەستەڵاتەکانی ھەرێمی کوردستانی کرد."
مەسعود بارزانی رایگەیاندووە "ئەم دەڤەرە ناوچەیەکی سەربازییە و ھێشتا شەڕی تێدایە و سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی ئەم میحوەرە دەکات. بۆیە پێویستە ھەموو ھێزەکان لەژێر فەرماندەیی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بن و ھەموو ھێزەکان لە لایەن یەک فەرماندەییەوە سەرپەرشتی و ئیدارە بکرێن. کەچی ئەم تاقمە بە پیلانێک کە لای ئێمە زۆر ئاشکرایە ویستویانە ھێزێکی جیاواز و ئیدارەیەکی جیاواز و ئاڵایەکی جیاواز بۆ ئەم دەڤەرە دروست بکەن بە بێ ئەوەی ھیچ حسابێک بۆ ھەرێمی کوردستان و سیادە و دەستەڵاتەکانی بکەن. بۆ ماوەی دوو مانگ مۆڵەتمان پێدا کە دەبێ وەک ھێزەکانی تر لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە خۆیان ڕێکبخەن بۆ ئەوەی ئیمکانیاتیشیان پێ بدرێت، کۆتایی مۆڵەتەکەیان ٣٠ـی ٣ـی ٢٠١٥ بوو بەڵام قبووڵیان نەکرد بەشێک بن لە ھێزی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە".
بارزانی بە پێچەوانەی بۆچوونی فراکسیۆنی سەوز کە بابەتەی بە کارێکی حزبی ناو هێنابوو، رایگەیاندووە "ئەم بابەتە پرسێکی حزبی و سیاسی نییە و ھیچ پەیوەندییشی بە پارتییەوە نییە بەڵکو بارودۆخ و ئاساییشی ھەرێم و یەکدەستیی سەرکردایەتیکردنی ھێزی پێشمەرگە ئەو پێویستییە دەسەپێنێ کە ھەموو ھێزەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە ڕێکبخرێن. بۆیەشە ڕێگە نادرێت کە ھێزێک لە دەرەوەی یاسا و وەزارەتی پێشمەرگە بوونی ھەبێت. بۆ ئەوەی زیاتریش بۆتان ڕوون بێت ئەم گرفتە لە پیلانێکی کۆنەوە دێت. ھەموو بەڵگەکان لەبەردەستن کە پارەیان لە کێ وەرگرتووە و، چۆن نەخشەی پیلانێکی گوماناویان بۆ دەڤەری شنگال کێشاوە. و ھەر لە دەستپێکەوە لەگەڵ برایانی سەرکردایەتی یەکێتی باسی ئەم بابەتە کراوە و لە ھەموو ھەنگاوەکان ئاگادار کراون".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ئەو وەڵامنامەیەدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر هێزێکی چەکدار لە کوردستان پێویستە لە ژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە کار بکات و دەڵێ "دووبارەی دەکەمەوە کە نابێ ھیچ ھێزێک لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە دروست بکرێت و ئەگەر تا ئێستا ھەندێ ھێزی تایبەت بۆ پێکھاتەی نەتەوەیی و ئایینییەکان دروست کراوە ھەمووی لە چوارچێوە و لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەدان. داوایش دەکەم بابەتەکە وەک خۆی و دوور لە تیڕوانینی سیاسی و حزبی سەیر بکرێت".