Abdullah Shukur
24 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 25 نیسان 2016
بە بۆنەی ٢١مین ساڵیادی دامەزراندنی بەرەی تورکمانی عێراقی ئاھەنگێک لە بینای سەرۆکایەتی بەرەی تورکمانی لە شاری کەرکووک سازکرا.
ھاوکات پارێزگاری کەرکووک نەجمەدین کەریم و بەرپرسانی سیاسی و حکوومی شاری کەرکووک بەشداریان لە ئاھەنگەکە کرد. بەڵام بەھۆی رووداوەکانی توزخورماتوو کۆتایی بە ئاھەنگەکە ھێنرا و تەنھا رێورەسمی پێشوازی لێکردن بەردەوام بوو.
لە دوای ئەمەش سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی ئەرشەد ساڵحی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست و ھەڵسەنگاندنی بۆ رووداوەکانی توزخورماتوو کرد.
ساڵحی لە وەڵامی پرسیارێکدا گوتی: " رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە کە لەوبەری سنوورەوە ھاتووە و مافی کاری یاسایی لە عێراقدا نییە، لە پشت رووداوەکانی توزخورماتوو دایە، لە پشت ھەر جۆرە رووداوێکی ئەو ناوچەیە، ئەم رێکخراوە بوونی ھەیە".
ساڵحی رێککەوتنی ئاشتی چەند مانگی پێشووی نێوان لایەنەکان لە توزخورماتوو بە رێککەوتنێکی لاواز ناوبرد و گوتیشی: "پێش ھەموو شتێک ئاسایشی شارۆچکەکە لاوازە، تا ھەبوونی ھێزی چەکداری لە ناوەندی شارۆچکەکە بەدەر لە ھێزی پۆلیس ناتوانین باسی ئاسایش بکەین. ھێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی پێویستە شارۆچکەکە بەجێبھێڵن بە پێچەوانەوە گشت ئەو رێککەوتنانەی لە داھاتوو ئەنجام دەدرێت بێ مانایە".
ساڵحی بە دڵگرانییەوە باسی لە کوژرانی منداڵێکی تورکمان لە شارۆچکەکە لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکان کرد و گوتی: "منداڵێکی تورکمان لە جەژنی منداڵان گیانی لەدەستدا و ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە ئەم وڵاتە دۆخی چەندە خراپە".
لە لایەکی دیکەش پارێزگاری کەرکووک نەجمەدین کەریم بە رۆژنامەنووسان گوتى: "ئەوان لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانى توزخورماتوو دەکەین و ئەم رووداوانە لە بەرژەوەندی ھیچ لایەنێکی شارۆچکەکە نییە. بەداخەوە لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکان کوژرا و بریندار ھەیە. داوا لە ھەموو لایەک دەکەم ھێمن و لەسەرخۆ بن".