سلێمانی
شاندەكەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، لە سەرۆكی پەرلەمان یوسف محەمەد و جێگری سەرۆك جەعفەر ئیبراهیم و سكرتێری پەرلەمان فەخرەدین قادر پێكهاتبوون ، لە یەكێتیش جێگرانی سكرتێری گشتی حزبەكە كۆسرەت رەسول و بەرهەم ئەحمەد ساڵح و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی مەلا بەختیار و عومەر فەتاح و حاكم قادر ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون.
ئەم كۆبوونەوەیە درێژەپێدەری كۆبوونەوەكانی دیکەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانە لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعوود بارزانی و ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی عەلی باپیر و ئەمینداری یەكگرتووی ئیسلامی محەمەد فەرەج و رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان نەوشیروان مستەفا لەبارەی پرسی دەستوور و ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان.
سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ پرسی رەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان، پرۆژەی یاسایەكی ئامادەیە و بەدوای كۆدەنگی لایەنەكاندا دەگەڕێت.
دوای كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان یوسف محەمەد گوتی:" لە چوارچێوەی سەردان و راوێژكردنمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسانەی پێویستیان بە یەكلاكردنەوەی هەیە ، ئەمڕۆ سەردانی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانمان كرد و كۆبووینەوە بۆ قسەكردن لەسەر پرسی دەستوور و ویلایەتی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ".
ئەو گوتی:" لە كۆبوونەوەكەدا ئەو بیروڕایانەی لە پەرلەمان لەسەر ئەو پرسە ئاڵوگۆڕ كراوە و ئەوەی تا ئێستا پێی گەیشتووین بۆ برادەرانی یەكێتیمان روونكردەوە و داوای راوبۆچونی ئەوانمان كرد، بەڵام ئەوان تائێستا ئەو پرسەیان لەلای خۆیان باس نەكردووە و پێویستیان بە گفتوگۆو كاتی زیاتر هەیە و دواتر رای خۆیانمان پێ دەگەیەنن".
سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەی كرد بەوەی :" لە هەرێمی كوردستان چەندین قەیرانمان هەیە و ناكرێ پرۆسەی سیاسیش رووبەڕووی تەنگەژە و قەیران بكەینەوە ، پێویستە لایەنە سیاسییەكان بەرپرسیارانە مامەڵە بكەن و تەنگەژەكان چارەسەر بكەن، بۆ ئەو مەبەستەش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو بارەیەوە چاودێریمان دەكەن كە ئاخۆ بە كوێ دەگەین".
لەلای خۆیەوە جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی كۆسرەت رەسول گوتی:" ئەو دەستپێشخەرییەی پەرلەمان بۆ یەكخستنی بیروڕای لایەنەكان شتێكی پیرۆزە ، وەك یەكێتی پێمان باشە دیراسەی زیاتری ئەو پرسە بكەین و دواتر لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان لایەنەكان لەسەر ئەو پرسە بگەنە رێكەوتن".
لە بارەی ئەوەی حزبەكەی چ سیستمێك بە گونجاو دەزانێ بۆ هەرێمی كوردستان و چۆن بڕیار لەسەر پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم و درێژكردنەوەی ویلایەتی مەسعود بارزانی دەدات، كۆسرەت رەسول گوتی:" تا ئێستا هیچ بڕیارێكمان لەو بارەیەوە نەداوە و چی لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان بێ ئەو بڕیارە دەدەین".
پێنجشەممەی پێشوو رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان نەوشیروان مستەفا دوای كۆبونەوەی لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵوێستی فەرمی حزبەكەی لەسەر ئەو پرسە ئاشكرا كرد و گوتی:" پێمان وایە باشترین و گونجاوترین سیستم بۆ هەرێمی كوردستان هاوشێوەی بەغدا سیستمی پەرلەمانییە ".
لە 30 حوزەیرانی 2013 یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان رێكەوتن لەسەر درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی ، لە مانگی ئابی داهاتووشدا ئەو وادەیە بە كۆتا دێت .
بڕیارە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لە درێژەی دیدارو كۆبوونەوەكانیدا دوای پێنج حزبە سەرەكییەكەی كوردستان ، لەگەڵ لایەن و كەسایەتی و پسپۆڕانی تری هەرێمی كوردستان بۆ قسەكردنی زیاتر لەسەر ئەو پرسە كۆببنەوە.