Azat Muhammet
13 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 14 تەمووز 2017
دهۆک - AA
دواى نزیکەى نۆ مانگ راوەدونان و دەرکردنى داعش لە باشیک، هێشتا پاشماوەکانى ئەو رێکخراوە هەڕەشەن لەسەر ژیانى هاووڵاتییان و لە ماوەی یەک هەفتەدا بە هۆى دوو تەقینەوە سێ کەس لە سنوورەکە گیانیان لە دەستداوە، مەترسى تەقینەوەى بۆمبى چێنراوى زیاتریش لە ئارادایە.
بەڕێوەبەرى شارەدێى باشیک، زەنون یونس لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو هەواڵى تەقینەوەى بۆمبێکى چێنراوى بە هاووڵاتییەکەى سنوورى شارەدێى باشیکى پشتڕاست کردەوە و گوتى: "بە داخەوە ئەمڕۆ لە ئەنجامى تەقینەوەى بۆمبێکى تیرۆریستانى داعش، هاووڵاتییەکى گوندى دووبەردانى سەربە شارەدێى باشیک گیانى لە دەستدا، ئەمە جارى یەکەم نییە بۆمبى چێنراوى داعش بە هاووڵاتییانمان دەتەقێتەوە".
زەنوون یونس دەڵێت "چەندین جاریش داوامان لە هاووڵاتییانمان کردووە لە ناوچە چۆڵ و دەشتاییەکانى سنوورەکە نەسوڕێنەوە، بەڵام ئەوانیش نازانن بۆمب و تەقەمەنی داعش لە چ شوێنێکى سنوورەکە هەیە. لە ئێستادا هەموو سەرنجى ئێمە لەسەر ئەم کێشەیە".
بەڕێوەبەرى شارەدێى باشیک داوا لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەکات هەوڵەکانى چڕ بکاتەوە بۆ پاککردنەوەى تەواوى ناوچەکە لە پاشماوەکانى داعش و بۆمبە چێنراوەکان، رووى قسەکانى دەکاتە تیمێکى ئەمریکى پووچەڵکردنەوەى بۆمب و دەڵێت "کارەکانى ئەو تیمە ئەمریکییە بۆ پووچەڵکردنەوەى بۆمب زۆر هێواش و لەسەرخۆن، ئەگەر چاو لە دەستى ئەو تیمە ئەمریکییە بین تا چەندین مانگى دیکە بۆمبە چێنراوەکانى داعش کۆتاییان نایەت لە باشیک، ئەمەیش ئەگەرى رووداوى تەقینەوەى بۆمبە چێنراوەکان زیاتر دەکات".