ھەولێر
فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان
دووپاتیکردەوە سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری تورکیا CHP لەسەفەرەکەیدا بۆ عێراق، لەکارنامەدا نییە بێتە ھەرێمی کوردستان.
فەلاح ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی " سەردانی سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری CHP بۆ بەغدا ھیچ کاریگەرییەکی خراپی نابێ بۆ سەر پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا لەلایەک و ھەرێمی کوردستان و تورکیا لەلایەکی دیکە، چونکە حکومەت لەگەڵ حکومەت پەیوەندیی دەبێ، حیزبێکی ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا ناتوانێ رۆڵی ھەبێ لەسەر پەیوەندییەکانی دوو وڵات"
لەلایەکی دیکە ئەمڕۆ راگەیەنرا کڵچدارئۆغڵو لەسەر داوای حکومەتی عێراق سەفەری خۆی بۆ شاری کەرکوک ھەڵوەشاندووەتەوەو لەشاری بەغدا لەگەڵ تورکمانەکانی ئەو شارە دیدارو وتووێژی کردووە.
رۆژی چوارشەممە کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری
CHPلەشاری بەغدا لەگەڵ (نوری مالیکی) سەرۆکی حکومەتی عێراق کۆبووەوەو
رەوشی سوریاو ناوچەکەیان تاوتوێکرد
بڕیارە سەردانەکەی کڵچدارئۆغڵو چوار رۆژ بخایەنێ و لەگەڵ سیاسەتمەدارانی شیعەو سوننەی عێراق کۆبێتەوە.