Mazın Asad
06 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 07 کانوونی دووەم 2016
بەغدا
بە سەرپەرشتی ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا ھەزاران کەس خۆپێشاندانیان ساز کرد و دروشمی ناڕەزاییان دژی سعوودیە بەرز کردەوە.
خۆپێشاندەران داوایان کرد کە عێراق پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعوودیە بپچڕێنێت و باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە دابخرێت و قەدەغەی کاڵای سعوودیە بکەن و ئەو ھاووڵاتیانەی سعوودیە بە تۆمەتی تیرۆر لە گەرتووخانەکانی عێراق دەستگیر کراون لەسێدارە بدرێن.
ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی کە عەمار حەکیم سەرۆکایەتی دەکات بە ناوی رزا جەودەت تاقی لە روونکردنەوەیەکی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە پێناو ئیدانەکردنی شێخ نەمر لێرەداین. ماوەیەکی زۆ بوو داوامان دەکرد باڵیۆزخانەی سعوودیە لە بەغدا بکرێتەوە، بەڵام شیعەکان لە ئێستادا توڕەن و داوای داخستنی باڵیۆزخانەکە و پچڕانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە دەکەن".
جێگەی باسە رێوشوێنی ئەمنی توند لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا گیرایەبەر و رێگەی ئەو گۆڕەپانە بە رووی ھاتوچۆوە داخرا.
ھاوکات دوێنێش ھەزار لایەنگرانی موقتەدا سەدر خۆپێشاندانێکیان بۆ ئیدانەکردنی نەمر ئەنجام دابوو. ھەروەھا لە شارەکانی بەسرە، بابل، کەربەلا و نەجەف کە زۆربەی دانیشتوانی شیعە مەزھەبن ئیدانەی لەسێدارەدانی نەمریان کردبوو.
بە ھۆی لەسێدارەدانی ٤٧ کەس لەوانەش کەسایەتی شیعە، ئایەتوڵا نەمر باقر ئەلنەمر لە سعوودیە، باڵیۆزخانەی سعوودیە لە شاری تاران و مەشھەد لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە سووتێنرا. دوابەدوای ئەمەش سعوودیە پەیوەندییە دیپلۆماتیکییەکانی لەگەڵ ئێران پچڕاندبوو.