بەیروت
دوای تێپەڕینی ١٠ ساڵ بەسەر تیرۆر کردنی رەفیق حەریری سەرۆکوەزیرانی پێشووی لوبنان، کاریگەریی لایەنە سوننەکان بەسەر سیاسەتی لوبنانەوە رووی لە کەمی کردووە. رەفیق حەریری کە لەو سەردەمەدا سەرمەشقی دانووستانەکان بوو بۆ کشانەوەی سەربازە سووریەکان، تیرۆر کردنی ناوبراو لەو کاتەدا و لە ١٤ ی شوباتی ٢٠٠٥ گومانەکانی لەسەر حزبوڵای لوبنانی زیاتر کرد، دوای نەمانی حەریری حزبوڵا دەسەڵاتی خۆی لەسەر مەیدانی سیاسی زیاترکرد.
شۆڕشی سەدر لەلوبنان بە کشانەوەی سەربازانی سووریا لە ٢٠٠٥دا کۆتایی هات، هەنگاوێکی کاتی بوو بۆ کەم کردنەوەی کاریگەریی دیمەشق بەسەر لوبنانەوە.
سەعد حەریری کوڕی رەفیق حەریری بە کۆکردنەوەی گرووپێک، بزووتنەوەی ١٤ ی ئازاری دروست کرد و پاشان حزبوڵای لایەنگری سووریاش بەکۆکردنەوەی گرووپە مەسیحییەکان توانی بزووتنەوەی ٨ ی ئازار دروست بکات.
جەنگی ٣٤ رۆژەی ئیسرائیلیش لە حوزەیرانی ٢٠٠٦ دا دەستی حزبوڵای بەهێزتر کرد لەدوای حەریری و کاریگەریی هێزە سوننەکانی هێندەی تر کەم کردەوە.
دوای کەوتنی حکوومەتەکەی حەریری، کاندیدی حزبوڵا و ملیاردێری سوننی تەرابڵوسی و سیاسەتمەدار نەجیب میقاتی سەرلەنوێ بوویەوە بە سەرۆکوەزیران.
لە ماوەی خولی دووهەمی سەرۆکوەزیرانی میقاتی دا لە ٢٠١٢، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری لوبنان کە کەسێکی نزیک بوو لە رەفیق حەریری لە نزیک ئەشرەفیە لە بەیروت تیرۆر کرا، دوای ئەمەش شەپۆلێکی ناڕەزایی گەورە شارەکانی تەرابلوس و بەیروت و سایدای گرتەوە و بەهەزاران کەس رژانە سەر شەقامەکان. لەو کاتەدا میقاتی ناچاربوو روونکردنەوەیەک بدات و بڵێت " من سەرۆکوەزیرانی حزبوڵا نیم".
لە ئێستادا نازانرێت کێ دەبێت بە ١٣ هەمین سەرکۆماری لوبنان، لەکاتێکدا مەشعەل سولەیمان ١٢ هەمین سەرکۆماری لوبنان لە ئایاری ٢٠١٤ دا خولی سەرۆکایەتییەکەی تەواو بوو.
پارتی موستەقبەلی لوبنانی کە حەریری سەرۆکایەتی دەکات، بەدووری دەزانن کە سامر کاکا ی کاندیدی بزووتنەوەی ١٤ی ئازار دەربچێت و دوای ئەوەش ئاشکرایان کرد کە تەنیا بژاردەیان کاکا نییە دوای ئەم لێدوانانە، لە کانونی یەکەمی ٢٠١٤ دا پارتی موستەقبەل دانووستانەکانی خۆی لەگەڵ حزبوڵادا دەست پێکرد و بەو شێوەیەش گلۆپی سەوز بۆ شوێنکەوتوانی ٨ ی ئازار هەڵکرا تاکو مەشعەل عەون هەڵبژێرن.
ئەم هەنگاوە بەس نەبوو بۆ کۆتایی هێنان بەو بۆشاییە سیاسییەی دروست بووە و تا ئێستاش سەرکۆماری نوێی ئەو وڵاتە هەڵنەبژێردراوە. بەبیانووی هەڕەشەی ئەمنی و شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، هەڵبژاردنەکان بۆ ٢٠ ی حوزەیرانی ٢٠١٧ دواخرا. ماوەی حکوومەتە کاتییەکەی تەمام سەلام-یش تاکو ئەو کاتە درێژ کرایەوە.
هەنووکە لەشەقامەکانی لوبنان چەندین دروشم دەبینرێن کە لایەنگرانی حەریری داوای دادپەروەری دەکەن.