سلێمانی
ئازاد جندیانی، گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەمڕۆ دووشەممە ٢٨ی تشرینی یەکەم گوتی: "کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سەرەتا بەکۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی دەست پێدەکات کەپێش نیوەڕۆ بەڕێوە دەچێ و ئامادەکاریی دەکرێ تێیدا بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کە بڕیارە دوانیوەڕۆ ساز بکرێت."
جندیانی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوە گوتی: "دۆخی سیاسی ھەرێم و عێراق و ناوچەکە ھەروەھا رەوشی ناوخۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان تاوتوێ دەکرێ، ھەڵسەنگاندنی بڕیارەکانی پلینیۆمی پێنجەم تەوەرەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە دەبێ و میکانیزمی جێبەجێ کردنییان دەست نیشان دەکرێن."
گوتەبێژی ی.ن.ک رایگەیاند: بەشدارییکردنی یەکێتی لەحکومەتی داھاتووی ھەرێمی کوردستان لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆ دووشەممە تاوتوێ دەکرێ، بەڵام یەکلایی نابێتەوە.
جندیانی گوتی "ئەو پرسە تەوەرەیەکی کۆبوونەوەکە دەبێ، بەڵام ئەو بڕیارە تەنیا بەئەنجومەنی سەرکردایەتی کۆتایی نایەت و ئەمڕۆ یەکلایی نابێتەوە، بەڵکو پێویستی بەگفتوگۆو ڕاوێژی سەرکردایەتی و ئۆرگانەکانی دیکەی یەکێتی دەبێ".
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە نەویویست ناوی بنووسرێ بۆ AA گوتی: "بابەتی بەشدارییکردن یان نەکردنی یەکێتی لەحکومەتی داھاتوو، قسەوباسی زۆری لەسەرەو ھەروا ئاسان نییە لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆدا یەکلایی بکرێتەوە، یەکلایی کردنەوەی ئەو بابەتە دەکەوێتە کۆبوونەوەی ڕۆژانی داھاتوو."