Fahrettin İbrahim
29 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 30 نیسان 2016
هەولێر - AA
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 28ـی 4ـی 2016 لە شاری هەولێر سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی پێشوازی لە جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا جۆ بایدن و شاندێكی یاوەری كرد.
بە گوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، شاندەکەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا پێكهاتبوو لە برێت مەكگورگ نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا لە هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش و ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و كۆلین كاڵ ڕاوێژكاری جێگری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ ئاساییشی نەتەوەیی جەنەڕاڵ سەن مەكفارلەند فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و مەتیوس میتمان كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك فەرماندەی سەربازی و ڕاوێژكاری سیاسی.
بە پێێ ئەم هەواڵە دوای پێشوازیكردن و بەخێرهێنانی جێگری سەرۆكی ئەمریكا و شاندی یاوەری، كۆبوونەوەیەكی دوو قۆڵی لەنێوان سەرۆك بارزانی و جێگری سەرۆكی ئەمەریكا بەڕێوەچوو. لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی بەناوی گەلی كوردستان سوپاسی سەرۆك و گەل و حكوومەتی ئەمریكای كرد كە لە ڕووخاندنی دیكتاتۆرییەت و هەروەها شەڕی تیرۆریستان پشتیوانی گەلی كوردستان بوونە و سوپاسی پاڵپشتیی سەربازی و دارایی ئەمریكایی كرد بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە كاریگەریی هەبووە لە مسۆگەركردنی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
هەروەها جێگری سەرۆكی ئەمریكا پێزانینی بۆ سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی و قوربانیدانی پێشمەرگە و خۆڕاگریی گەلی كوردستان هەبوو و سوپاسی هەڵوێستی هەرێمی كوردستانیشی كرد لە یارمەتیدانی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیریی سیاسی.
بە پێی هەواڵەکەی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێم، لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا باس لە دوا پێشهات و گۆڕانكارییە مەیدانییەكانی شەڕی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا كرا و چۆنییەتی هەماهەنگی نێوان هێزی هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی لە شەڕی داعش و پلانی ئازادكردنی موسڵ و قۆناغی دوای ئازادكردنی مووسڵ خرایە بەر باس و گفتوگۆ.
لە بەشێكی تری دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی و جێگری سەرۆكی ئەمەریكا بیروڕایان لەبارەی قۆناغی دوای تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و پێویستییەكانی ئەو قۆناغە لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كرد.
تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە لەبارەی پەیوەندییەكان و فراوانتركردنی هەماهەنگی لەنێوان هەردوولا بوو و باسی ئەوەیش كرا كە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی عێراق و ناوچەكە لە ڕاوێژ و پەیوەندیی بەردەوامدا بن.
جێگەی ئاماژەكردنە لە پێشوازیكردنی جێگری سەرۆكی ئەمریكا ژمارەیەك لە بەرپرسە سیاسی و ئەمنی و ئیدارییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.