كیێڤ
له میانه‌ی پێشكه‌ش كردنی وتارێكیدا كه سیناتۆرانی ئه‌مریكی سه‌ربه كۆماریخوازه‌كان جۆن ئه‌نتۆنی باراسۆ و تۆم كۆتن ئاماده‌ی بوون، سه‌ركۆماری ئۆكراینا پێترۆ پۆرۆشێنكۆ، زانیاری له‌باره‌ی ره‌وشی خۆرهه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌یه‌وه دا به سیناتۆره ئه‌مریكیه‌كان و رایگه‌یاند: "گرژی و ئاڵۆزییه‌كان زیادی كردووه و رووسیا و ئه‌و جوداخوازانه‌ی پاڵپشتیان ده‌كات پابه‌ندی رێككه‌وتنه‌كه‌ی مینسك نابن".
پۆرۆشێنكۆ باسی له‌وه كرد كه وڵاته‌كه‌ی سه‌ركه‌وتوو بووه له بنیاتنانی سوپایه‌كی به‌هێز، به‌ڵام به چه‌كی سه‌ده‌ی بیسته‌م شه‌ڕی چه‌كی سه‌ده‌ی بیست و یه‌ك ده‌كه‌ین، چونكه رووسیا سه‌رده‌میانه‌ترین چه‌ك بۆ جوداخوازانی خۆرهه‌ڵاتی ئۆكرانیا دابین ده‌كات و ئۆكرانیاش بووەته نیشانه‌ی مه‌شقی ئه‌و چه‌كه نوێیانه.
له به‌رامبه‌ر ئه‌و پاڵپشتی و هه‌ڵوێسته به‌هێزه‌ی له قۆناغی سه‌ختدا نواندویانه، پۆرۆشێنكۆ سوپاسی سیناتۆرانی ئه‌مریكای كرد و جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی مانۆڕی هاوبه‌شی ئه‌مریكا- ئۆكراینا كرده‌وه. هاوكات دڵخۆشی خۆی نیشاندا به په‌سه‌ند كردنی پڕۆژه یاسای بوودجه‌ی به‌رگری له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئه‌مریكاوه و گوتی: "ئه‌وه ته‌نیا پشتیوانی دارایی و ئابووریی نییه. به‌ڵكو له هه‌مان كاتدا پشتیوانی كردنه له ئاسایشی ئێمه".
لای خۆیه‌وه جۆن مه‌كین، باسی له‌وه كرد كه بۆ پاڵپشتی كردن له سه‌ربه‌خۆیی، سه‌روه‌ری و یه‌كپارچه‌یی خاكی ئۆكراینا سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌یان كردووه و ئه‌وه‌ی وه‌بیرهێنایه‌وه كه له‌میانه‌ی دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانیاندا سه‌ردانی دنيپرۆپێترۆڤسكیان كردووه و چاویان به خۆبه‌خشه ئۆكراینییەكان كه‌وتووه.
گوتیشی: "ئۆكراینییەكان خه‌بات بۆ ئازادی ده‌كه‌ن و له‌مه‌ودواش به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر خه‌بات كردن".
پاش كۆبوونه‌وه‌كه، سیناتۆرانی كۆماریخوازه‌كان جۆن مه‌كین، جۆن باراسۆ و تۆم كۆتن له‌باره‌ی دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانیان كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیان ساز كرد.
له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، مه‌كین رایگه‌یاند: "شه‌رمه‌زارییه بۆ ئه‌مریكا چه‌ك ناداته ئۆكراینا، چونكه ئۆكراینا زۆر پێویستی به چه‌كه بۆ به‌رگری كردن له خۆی".
مه‌كین ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه دابین كردنی چه‌ك بۆ ئۆكراینا بۆ به‌رگری كردن له‌خۆی، پێویسته به‌رگرتن له بڵاوبوونه‌وه‌ی هێرشه‌كانی رووسیا له خۆرهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته.
مه‌كین، به‌پێویستی زانی سزاكان سه‌ر رووسیا زیاتر بكرێن و گوتی: "نابێت ته‌نیا به‌رده‌وامی به سزاكانی سه‌ر رووسیا بدرێت. به‌ڵكو ده‌بێت ئه‌و سزایانه زیاتر بكرێن، چونكه لێره‌دا ته‌نیا ئۆكراینا جێی باس نییه، سیستمی ئاسایشی ئه‌ورووپا و جیهانیش پێشێل ده‌كرێن".
له‌باره‌ی لێدوانێكی سه‌رۆكی رووسیا ڤلادیمێر پوتین كه گوتبووی رووسیا ژماره‌ی چه‌كه ئه‌تۆمییه‌كانی زیاد ده‌كات، مه‌كین گوتی: "ئه‌مریكا هه‌ست به نیگه‌رانی ده‌كات. ئه‌وه لێداونه زۆر زۆر نیگه‌رانمان ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئومێده‌وارم پوتین راستگۆ بێت به‌رامبه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی واژۆی كردوون".