كەركووك
ئێوارەی دوێنێ پارێزگاری سلێمانی و یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەری فەرمانگەكانی سلێمانی سەردانی ناوچەی تەل وەردیان لە سنووری پارێزگای كەركووك كرد و خوانێكی بەربانك كردنەوەیان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لەو سنوورە سازكرد.
هێزەكانی پێشمەرگە ماوەی ساڵێكە لەو سنوورەدا نیشتەجێن و ناوچەیەكی سنووری نزیك چەكدارانی داعشە و زۆرجار شەڕ و پێكدادانی سەخت لەنێوان هەردولا لەو ناوچەیەدا رویداوە.
لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزانیشدا پێشمەرگەكانی ئەو سنوورە باس لەوە دەكەن سەرەڕای بەئەنجام گەیاندنی ئەركە ئاینییەكەیان و گرتنی رۆژووی مانگی رەمەزان، ئەركە نەتەوەییەكەشیان بە باشی ئەنجام دەدەن و سنوورەكانی خۆیان زیاتر توندوتۆڵتر كردووە.
پێشمەرگەیەكی سنوورەكە ئەنوەر محەمەد كە سەرقاڵی بەجێگەیاندنی ئەركی پاسەوانی خۆی و چاودێریكردنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش بوو، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی چەند مانگێكە دۆخمان زۆر باشە و ناوچەكەش ئارامە و هیچ كێشە و گرفتێكمان نییە، سەنگەرەكانمان زیاتر كۆنتڕۆڵ كردووە و بەردەوام لە ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرش و پەلامارێكی لەناكاو".
ئەو ئاماژەی بەوەش كرد لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزاندا جگە لە گەرمای ناوچەكەش زۆرینەی پێشمەرگەكانی ئەو سنوورە بە رۆژوون و ئەركە ئاینییەكانی خۆیان بە باشی ئەنجام دەدەن.
پارێزگاری سلێمانی ئاسۆ فەرەیدون لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "مەبەستی سەرەكی ئەنجامدانی ئەو خوانە، بەسەركردنەوەی ئەو هێزەیە كە هەمومان دەپارێزێت و بتوانین رۆژێك لە نزیكەوە لەگەڵ ئەوان بین و پێكەوە خوانی بەربانگ بكەینەوە".