ھەولێر
شارەزار لە كاروباری سووریا و رۆژئاوای كوردستان مستەفا شەفیق لە دیمانەیەكی تایبەت بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت "ھاتنی ئاوارەكانی رۆژئاوا بۆ ھەرێمی كوردستان ھەر لە ٢٠٠٤ ەوە دەستی پێكرد و دوای شوڕشی سووریا نزیكەی ٣٠٠ ھەزار ئاوارەی سووریا روویان لە ھەرێمی كوردستان كردەوە و لە ھەر سێ پارێزگای دھۆك و ھەولێر و سلێمانی نشتەجێ بوون. دوای رزگاركردنەوەی كۆبانێ و گرێ سپی داواكاری خەڵك زیاتر بوو بۆ گەرانەوە بەڵام رووداوی ئەو دوایەی كۆبانێ و ھەروەھا شەڕی حەسەكە تا رادەیەك دوو دلێ لە نێو پەنابەراندا دروست كردووە كە ئەم شوێنانە ھێشتا ئاسایش و ئارامی بە تەواوی تێیاندا سەقامگیر نییە.
شەفیق گوتی: "لە ئێستادا نزیكەی ٦٠ ھەزار كەس لە شاری حەسەكە ئاوارەبوون و پێشبینی دەكەین كە بەشێكی زۆریان روو لە هەرێمی كوردستان بكەن و ھەندێكیشیان بەرەو توركیا بڕۆن".
لە بارەی ئاماری كوژراوانی كورد لە شەڕی سووریا شەفیق گوتی: "بێگومان شەڕی كورد لە سەرەتا وەك ناوچەكانی دیكەی سووریا دەست پێ نەكرد و كوژراوەكانیان زۆر كەم بووە بە بەراورد لەگەڵ بەشەكانی دیكەی سووریا و ئەوانەی كە كوژراون زیاتر لە شەڕی داعش بوون كە ئاماری ورد لەبەر دەستدا نییە بەڵام بە دڵنیایەوە رێژەكە كەمە بە بەراورد لە گەڵ كوژراوانی بەشەكانی دیكەی سووریا".
لە بارەی كێشەی پەیەدە لە گەڵ ھێز و لایەنەكانی دیكە لە رۆژئاوا مستەفا شەفیق گوتی: "پەیەدە دەڵێت ئێمە بە تەنیا ھەموو ئەو ناوچانە دەپارێزین ھەر بۆیەش زیاتر كێشەی لە گەڵ لایەنەكان دیكە ھەیە،پەیەدە ھێزی سەرەكییە لەو ناوچەیە بەڵام ئەو سیاسەتە ھەڵەیە كە رێگە بە لایەنەكان نەدات كە چەكدارانیان لە رۆژئاوا خەبات بكەن ئەوش ھۆیەكە بۆ لاوازیی ھەموو لایەنەكان و ئەگەر پێكەوەكار بكەن ئەوا باشتر دەتوانرێت ناوچەكان بپارێزرێت".
ھەروەھا لە سەر ئەم پرسە لە درێژی قسەكانیدا گوتی: "پێشمەرگەكانی رۆژئاواش ھەر لە كۆتاییدا دەگەڕێنەوە و ناوچەكانی خۆیان دەپارێزن و لە ئێستادا زۆر پێویستیان بە یەكتری ھەیە و ئەگەر ئەمڕۆ پێشمەرگە یارمەتی دەربا ئەوان بە ئاسانی دەیانتوانی كۆبانێ بپارێزن و باشترین رێگا بۆ پاراستنی رۆژئاوا لە رووی سەربازی و سیاسی ئەوەیە كە پێشمەرگەی رۆژئاوا بگەڕێتەوە و ھەروەھا ئەگەر پەیەدە لەو باوەڕە بێت كە بەتەنیا دەتوانێت لە رۆژئاوا حوكم بكات ئەمە ھەڵەیە و لە توركیاش ھەر وا ھەدەپە تەنیا ناتوانێت لە نێو كورد دەسەڵاتدار بێت".
لە بارەی ھەڵوێستی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەرامبەر رۆژئاوا شەفیق گوتی: "ھەمیشە ستراتیجییەتی ھەرێمی كوردستان ئەوە بووە كە ناوچەكانی كورد دوور لە شەڕ و ئاژاوەگێری بن و كورد لە رۆژئاوا نەبنە بەشێك لە شەڕ، بەڵام لە گەڵ ھاتنی داعش سیمای شەڕ گۆرا و ھەموومان كەوتینە نێو ئەم شەڕە، ھەرێم ھەر چەندە لە ژێر فشاری دارایی و شەڕی داعش بووە ھەمیشە یارمەتی پەنابەرانمان داوە و لە پرسی كۆبانێش بە ١٥٠ پێشمەرگە بە چەكی قورسەوە پشتگیریمان لەو شارە كرد تا رزگار بوو".
لە بارەی ھەناردەكردنەوەی پێشمەرگە بۆ رۆژئاوا گوتی: "ھەمیشە پێشمەرگە ئامادەبووە و پێویستە بەرگری لە رۆژئاوا بكات و ئەوەش بە ئەركێكی مرۆڤی دادەنێم و ھەرچەندە ئێمە لە شەڕداین بەڵام ئەگەر لەگەڵ ھێزەكانی ھاوپەیمانان و توركیا رێككەوتن ھەبێت پێشمەرگە دەتوانێت بڕوات".
شەفیق باسی لە كۆمەڵكوژییەكانی ئەم دوایەی كۆبانێ كردەوە گوتی: "دوای رزگاركردنی كۆبانێ ئەمە كارەساتێكی گەورەیە لە دڵی ھەموو كوردێك و ئەمە دوای كارەساتی كومەڵكوژی شنگال بە گەورەترین كۆمەڵكوژی ناو دەبردرێت كە لەو ماوەیە بە دەستی تێرۆریستانی داعش لە ناوچەكانی كوردی روویداوە، ئەمە شكستی داعش ئاشكرا دەكات لە بەر ئەوەی داعش كەوتە هەڵوێستێكی نەخوازرا و لەو كاتەی كە ھێرشدەكاتە سەر سنوورەكانی كورد ھەمیشە لە شكست دا بووە داعش بەر لەوەی بەرەو ھەرێمی كوردستان و رۆژئاوا بێت لە پێشرەوی دا بوو بەڵام لە گەڵ كورد دووچاری شكست بوو. ئەوان وەك جاران ناتوانن ھێرشی گەورە بكەن ئەو كۆمەڵكوژییەش وەك تاكتیكێك بەرامبەر بە كورد بەكار ھێناوە كە ھێزەكانی كوردی گرێ سپیان ئازاد كرد و ئێمە ئەوە بە كەمتەرخەمی ھێزەكانی كوردیش دادەنێن ".
لە بارەی لێدوانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مسعود بارزانی لەسەر یارمەتی دانی كۆبانێ شەفیق گوتی: "داواكاری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ھەموو جیھان بووە و پرسی كۆبانێ پرسێكی گەورەیە لە رۆژئاوا لە لایەك بە ئێمە گرێدراوە و ئەگەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە دەنگ نەھێتەوە لە سەر ئەو پرسە ئەمە شەرمەزارییە بۆیان و پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ھەموو مرۆڤایەتی ھەڵوێستی ھەبێت".
لە بارەی یەكخستنی كانتۆنەكان لە رۆژئاوا شارەزار لە كاروباری سووریا و رۆژئاوای كوردستان مستەفا شەفیق گوتی:" ھێزەكانی كوردی بە گشتی ئەو ناوچانانە دەپارێزن كە لە واقیعدا كوردنشینن، ئەگەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پارێزگاری لە خەڵك نەكات ئەوا پەیەدە و كوردانی رۆژئاوا پارێزگاری لە خۆیان دەكەن و یەكخستنی كانتۆنەكان و ئازادكردنی گرێ سپی و گەیاندنی ناوچەكان بەیەكتر كارێكی ئاسایی و مافی خۆیانە، ئەگەر كورد ئەو ناوچانە پاك نەكاتەوە ئەوا داعش كورد لە ناوچەكانیان دەردەكات".