ھەولێر
ئەمڕۆ ٢٨ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر كارەساتی كیمیابارانكردنی شاری سەردەشت رۆژھەڵاتی كوردستان، كە لەلایەن رژێمی بەعسی عێراق، زیاتر لە ١٥٠ ھاووڵاتی ئەو شارە شەھید بوون و زیاتر لە چوار ھەزاری دیكەش زامداربوون.
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان یوسف محەمەد سادق لە پەیامێكدا كە لە ماڵپەری پەرلەمانی كوردستان بڵاوكراوەتەوە رایگهیاند: "ئەم كردەوە نامرۆڤانەی بەعسییەكان لەو شارە، زنجیرەیەك رووداو و كارەساتی یەك بەدوای یەكی بەعسییەكان بوو دژ بە گەلی كورد لە باشور و رۆژھەڵاتی كوردستان. دوای كیمیابارانی سەردەشت فڕۆكەكانی بەعس، شاری ھەڵەبجەشیان كیمیاباران كرد و ھەزاران ھاووڵاتی شارەكەیان شەھید و بریندار و ئاوارە كرد".
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان یوسف محەمەد سادق نووسیویەتی: "لە ٢٨ھەمین ساڵیادی ئەو كارەساتە خوێناوییەدا، سڵاو دەنێرین بۆ ھاووڵاتییانی خۆڕاگری شاری سەردەشت، خۆشبەختانە تاوانبارانی كیمیابارانكردنە، باجی ئەو تاوانەیان وەرگرت و رۆشتنە زبڵدانی مێژوو، بەپێی رێكەوتنەكانی نێودەوڵەتی، پێویستە لەسەر حكوومەتی ناوەندی عێراق بە فەرمی داوای لێبوردن لە ھەردوو شاری ھەڵەبجە و سەردەشت بكات و قەرەبووی مادی و مەعنەوی زیانلێكەوتوانی ئەو دوو شارە و شارە زیالێكەوتووەكانی دیكەی دەستی رژێمی پێشوو بكاتەوە".