Zana Natık Kerem
20 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 21 حوزەیران 2017
سەڵاحەددین ــ AA
ئەفسەر لە هێزەكانی پێشمەرگە، موقەدەم سەنگەر حەسەن رایگەیاند كە هێزەكانی پێشمەگەر هێرشێكی داعشیان بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە سنووری قەزای دووز خورماتوو باشووری شاری کەرکووک بە توندی تێكشكاند و ژمارەیەك تیرۆریستیشیان كوشت.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، سەنگەر حەسەن گوتی: "درەنگانی شەوی رابردوو، داعش لە چەند میحوەرێكەوە هێرشی كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە ناوچەی زەرگە سەربە قەزای خورماتوو و دوای 3 كاتژمێر لە شەڕ و پێكدادان و بە پشتیوانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی، هێزەكانی پێشمەرگە هێرشەكەیان بە توندی تێكشكاند".
سەنگەر حەسەن گوتیشی: "لە ئاكامی شەڕ و پێكدادان و تێكشكاندنی هێرشەكەی داعش، ژمارەیەك تیرۆریست كوژران كە دوو لە تەرمی ئەو تیرۆریستانە كەوتنە دەستی هێزەكانی پێشمەرگە".
سەبارەت بە زیانەكانی پێشمەرگەش، ئەفسەرەكە گوتی: "لە شەڕ و پێكدادانەكەدا، پێشمەرگەیەك شەهید بوو و دووی دیكەش برینداربوون".
ماوەیەكە داعش هێرشەكەیانی بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە سنووری قەزای خورماتوو زیاد كردووە بەڵام سەرجەمیان بە توندی لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە تێكشكێنراون.