Azat Muhammet
13 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 14 ئاب 2017
دهۆک - AA
بە بێ بوونى هیچ ئاماژەیەکى شەڕ لە لایەن هێزەکانى پێشمەرگە، حەشدى شەعبى چەکى سووک، مامناوەند و قورسى بەرامبەر بە پێشمەرگە جێگیر کردووە، وەک ئەو پێشمەرگانەى لە شەو یان رۆژدا لە ئێشکگریدان لە سنوورەکە دەڵێن حەشدى شەعبى جموجۆلییان ناتەندروستە و رێگرى لە هاووڵاتییانیش دەکەن بگەڕێنەوە سەر زێدى خۆیان.
ئەوەى بە چاو دەبینرێت لە سنوورەکانى تل قەسەب، تل بەنات، کۆچۆ، گرعوزێر، سیباشێخ خدر و قەیرەوان و چەند گوندێکى دیکەى ناوچەکە حەشدى شەعبى خەندەقى هەڵکەندووە و لە پاڵ بەهێزکردنى سەنگەرەکانیان بەشێکى زۆرى سنوورەکانى نێوان خۆیان و پێشمەرگەیان تەلبەند کردووە لە هەندێک ناوچەکە کەمتر لە ١٠٠ مەتر سنوورى نێوان پێشمەرگە و حەشدى شەعبییە هیچ هاتوچۆیەک لە نێوانیاندا نییە.
سەبارەت بە بوونى حەشدى شەعبى لە سنوورى شارۆچکەى شنگال، فەرماندەى هێزى سێى سەفین، عەمید وریا زیارەتى لە تل قەسەبى سنوورى شارۆچکەى شنگال بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "حەشدى شەعبى ئەگەر پلانەکەیان سەرکەوتوو بێت، رێگە نادەن هاووڵاتییانى سوننە لە ناوچەکە بحەسێنەوە، چونکە حەشدى شەعبى هێزێکى نیشتمانى نییە و هەموو پێکهاتەکان بە بێ جیاوازى بپارێزێت، بەڵکو گرووپى تێکەڵ و جۆراوجۆرى تاییفین، بە هیچ شێوەیەک نابنە مایەى ئارامى ناوچەکە".
زیارەتى دەڵێت "بۆمان سەلمێنرا کە حەشدى شەعبى بۆ شەڕى داعش نەهاتووەتە سنوورى شارۆچکەى شنگال، بەڵکو داعشى وەک بیانوویەک بەکارهێناوە، چونکە ئەگەر ئەوان بۆ شەڕى دژ بە داعش روویان لە ناوچەکانى تل قەسەب، تل بەنات، کۆچۆ، گرعوزێر، سیباشێخ خدر و قەیرەوان کردبێت، ئەوەتە لە ئێستادا هیچ تیرۆریستێکى داعشى تیادا نەماوە و کاتى ئەوە هاتووە ناوچەکە جێبهێڵن و تاوەکو خەڵک بگەڕێنەوە سەر زێدى خۆیان، بەڵام نە خۆیان دەردەچن و نە رێگەیش دەدەن خەڵک بگەرێتەوە سەر ماڵ و حاڵى خۆیان، بەو جۆرەیش هەڵسوکەوتەیش دەلێن (داگیرکارى)".
- "مەترسى سەرهەڵدانى شەڕ لەگەڵ کورد هەیە"
ئەو فەرماندەیەى هێزى پێشمەرگە لە سنوورى تل قەسەب ئاماژە بە شەڕێک دەدات کە چاوەڕوانکراوە لە لایەن حەشدى شەعبى دژ بە هاووڵاتییانى کورد دەست پێ بکات، دەشڵێت "مەترسى ئەوەیە هەیە حەشدى شەعبى شەڕ لە دژى عەرەبى سوننە و هاووڵاتییانى کورد دەست پێ بکات لە سنوورى شنگال، شەڕ دژ بە هاووڵاتییانى کورد بە ماناى شەڕ دژ بە پێشمەرگە دێت، حەشدى شەعبى سیستەمى بەڕێوەبردنى عێراقى قۆستووەتەوە بۆ قۆرخکردنى ئامانجى نەتەوەیی و مرۆڤایەتى، ئێستا ئەو میلیشیانەى حەشدى شەعبى هەموو جموجۆلێکیان لە چوارچێوەى ئامانجى مەزهەبى و تایفییە".
باسى لەو هاووڵاتییانەیش کرد کە لەژێر دەسەڵاتى حەشدى شەعبیدان و گوتى: "داعش داگیرکەر بوو، ئێستا حەشدى شەعبى داگیرکەرە، بۆیە ئەو خەڵکە بێ دەسەڵاتەى کەوتووەتە دەستیان ناتوانن پێچەوانەى خواست و حەزى ئەوان بن ".