ڤیەننا
نوێنەری باڵای سیاسەتی ئاسایش و پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتی ئەورووپا فێدیریكا مۆگێرینی لە دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكان و لەكاتی هاتنە دەرەوەیدا لە هۆتێلەكەدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە و ئاماژەی بەوەكرد لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتانەی بەشداری دانوستانەكانن كۆبوونەوەی دووقۆڵی و چەند قۆڵی ئەنجامداوە و رایگەیاند "دەتوانم بڵێم ئیرادە سیاسییەكە بوونی هەیە، لەلایەن هەموو لایەنەكانەوە من هەستم بەمە كردووە''.
مۆگێرینی ئاماژەی بەوەكرد شاندی دانوستاندكار لەچوارچێوەی رێككەوتننامەی لۆزان بەردەوام دەبێت لە نووسینەوەی دەقی رێككەوتننامەكە، لە حاڵەتێكیشدا ئەگەر بێت و دانوستانەكان لە ٣٠ی حوزەیراندا تەواو نەبن، ئەوا بۆ ماوەی چەند رۆژێك وادەكە درێژ دەبێتەوە و جەختی لەوەش كردەوە درێژكردنەوەی وادەكە بۆ ماوەیەكی درێژ جێگەی باس نییە.
مۆگێرینی رایگەیاند وەزیرانی دەرەوەی كۆمەڵەی پێنج كۆ یەك ڤیەننا جێدەهێڵن و لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا جارێكی دیكە دەگەڕێنەوە. باوەڕیشی وابوو لە كورتترین ماوەدا دەقی گشتگیری رێككەوتننامەكە تەواودەبێت. مۆگێرینی گەشبینی خۆی بەرامبەر بە هاتنە ئارای رێككەوتنێك نیشاندا و باسی لەوە كرد لە شڕۆڤە كردن و وەرگێڕانی ئەو رێككەوتننامەیەی لە لۆزان كراوە هەندێك كێشە دروست بووە.
- محەمەد جەواد زەریف گەڕایەوە ئێران
دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكان وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف بەمەبەستی گەڕانەوە بەرەو تاران، ڤیەننای بەجێهێشت. چاوەڕوان دەكرێت دوای رۆژێك زەریف بگەڕێتەوە و ئەوەش زانرا كە وەزیری دەرەوە زانیاری سەبارەت بە دانوستانەكان دەداتە رابەری باڵای شۆڕشی ئیران عەلی خامەنەیی.
بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم یوكیا ئامانۆ هاتە ئەو هۆتێلەی كۆبوونەوەكانی لێ بەڕێوەدەچن و لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی هەردوو شانددا كۆبووەوە.
شایانی باسە لەنێوان لایەنەكاندا سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاكان و زیادكردنی ژمارەی چاودێران جیاوازی بوونی هەیە.
بەپێی رێكەوتننامەی لۆزانی دووی نیسانی رابردوو پێویستە دەقی گشتگیری رێكەوتننامەكە تاوەكو ٣٠ی حوزەیران بنووسرێتەوە.