قودس
سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بێنیامین ناتانیاهو پیرۆزبایی لە كەشتییەکانی جەنگی وڵاتەكەی كرد كە لە سنووری ئاوە نێودەوڵەتییەكاندا رێگرییان لە سێیەمین كاروانی ئازادی كردووە كە دەیەویست گەمارۆكانی سەر غەززە بشكێنێت.
ناتانیاهو دوای رێگری كردنی كەشتییەکانی جەنگی ئیسرائیل لەو كاروانە، لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەو كاروانە گوایا بە ناوی كاروانی ئازادی هاتووە ئاگای لە كارەساتەكانی ناوچەكەمان نییە و هیچ شتێك نییە بێجگە لە دوو رووییەك كە دەیەوێت پشتگیری لە تیرۆریستانی حەماس بكات.
ناتانیاهو لە بەشێكی دیكەی راگەیەنراوەكەدا ئاماژەی بەوە كردووە كە شكاندنی ئەو گەمارۆیانە پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتییە، چونكە رێگریكردن لە هاتن بۆ كەرتی غەزە لە رێگای دەریایەوە رێوەشوێنێكی یاساییە و لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا پەیڕەو كراوە و شاندێكی سكرتاریەتی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانیش پشتگیری خۆی بۆ ئەو رێوەشوێنە دەربڕیوە و ئیسرائیلیش تاقە دیموكراسییە كە لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدا ئاسایشی خۆی دەپارێزێت و وەكو رابردوو ئەوە قەبووڵ ناكەین كە لە رێگای دەریایەوە چەك و تەقەمەنی رەوانەی لای رێكخراوە تیرۆریستییەكانی غەززە بكرێت.
ناتانیاهو لە بەشێكی دیكەی راگەینراوەكەیدا جەختی لەوە كردووەتەوە كە هیچ جۆرە گەمارۆیەك لەسەر غەززە پەیڕەو نەكراوە و بە پێچەوانەوە ئیسرائیل هاوكاری مرۆیی بۆ غەززە دەكات و دەوڵەتێك هەیە كە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەكاندا هەوڵ بۆ پاراستنی ئاشتی و ئارامی و پێكەوە ژیانی منداڵان لە نێو ئاشتی و ئارامی لە غەززەدا دەدات.
لە لایەكی دیكەوە ناتانیاهو نامەیەكی بۆ ئەو كەسانەی لە نێو ئەو كاروانەدان كە ویستوویەتی گەمارۆكانی سەر غەززە بشكێنێت نووسیوە و ئەو نامە لە پاڵ راگەیەنراوەكەیدا بڵاو كراوەتەوە.
لەو نامەیەدا كە نووسراوە "رێگای خۆتان بزر كردووە خێرهاتن بۆ ئیسرائیل" ئەم شتانە نووسراون: "وا بزانم بەنیازن بچنە سووریا نەك بێنە ئێرە چونكە لەوێ رژیمی ئەسەد بە پشتگیری رژیمی پیاوكوژی ئێران رۆژانە سەرقاڵی كوشتنی خەڵكی خۆیەتی، بەڵام ئیسرائیل رووبەڕووی راستی رێكخراوێكی تیرۆریستی وەكو حەماس بووەتەوە كە خەڵكی بێ تاوان و مەدەنی دەكوژێت و لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەكاندا بەرگری لە هاووڵاتییانی خۆی دەكات.
سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە كردووە كە لە نێو سنووری ئاوە نێودەوڵەتییەكاندا رێگری لە بەلەمێكی نێو سێیەمین كاروانی ئازادی كراوە كە ویستوویەتی گەمارۆكانی سەر غەززە بشكێنێت.
بە پێی راگەیەنراوێكی سوپای ئیسرائیل، سەربازانی سوپا چوونە نێو ئەو بەلەمەوە كە ویستوویەتی گەمارۆ دەریاییەكانی سەر غەززە بشكێنێت و پشكنینیان ئەنجامداوە.
لە راگەیەنراوەكەی سوپای ئیسرائیلدا باسی ئەوە كراوە كە ئەو دەستوەردانەی سوپا بە بڕیاری حكوومەت بووە، دوای هەوڵدانێكی زۆری دیپلۆماتیكی حكوومەتی ئیسرائیل هێزی دەریایی خۆی رەوانەی لای ئەو بەلەمانە كردووە كە ویستوویانە گەمارۆ دەریاییەكانی سەر غەززە بشكێنن و هێزە دەریاییەكانی ئیسرائیلیش لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەكاندا چەندین جار داوای لەو بەلەمە كردووە كە رێڕەوی خۆی بگۆڕێت بەڵام دوای رەدكردنەوەی ئەو داواكارییە بۆ رێگریكردن لە شكاندنی گەمارۆی دەریایی سەر غەززە، سەربازانی ئیسرائیلی لە نێو سنووری ئاوە نێودەوڵەتییەكاندا رێگرییان لەو بەلەمە كردووە و چوونە نێو بەلەمەكەوە و پشكنینیان ئەنجامداوە.
سێیەمین كاروانی ئازادی لە دوورگەی گیریتی یونان لەنگەری دابوو و ئامانجی ئەوە بوو گەمارۆكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بشكێنێت، لە نێو ئەو كاروانەدا سەركۆماری پێشووی تونس مونسیف مەرزوقی و پەرلەمانتاری فەلەستینی پەرلەمانی ئیسرائیل باسیل گاتاسیش هەبوون و یەكەمین بەلەم وەكو پێشەنگ لە نێو سنووری ئاوە نێودەوڵەتییەكاندا بەرەو غەززە بەڕێكەوت و بەلەمەكانی دیكەش بە دوایدا رۆیشتن.
لەو پێنج بەلەمەدا كە لە چوارچێوەی سێیەمین كاروانی ئازادیدا جێیان گرتبوو بە گشتی 48 كەس هەبوون و دەیانەویست ئەو گەمارۆیانەی كە لە ساڵی 2007وە تا ئەمڕۆ لە لایەن ئیسرائیلەوە لەسەر غەززە پەیڕەو دەكرێن، بشكێنن.