Dlshad Saifaalddin Ahmed
22 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 22 تشرینی یەکەم 2017
سلێمانی ـ AA
بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابووری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەحمەد رەشید رایگەیاند "داوامان لە سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی كردووە مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خەرج بكات ئەگەر بە شێوەی پێشینەش بێت و لە زیمەدا بمێنێتەوە تا ئەو كاتەی پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی 2018ی عێراق پەسەند دەكرێت".
ئەحمەد رەشید لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی 2018ی عێراق لە ئەنجوومەنی وەزیرانە لە ماوەی داهاتوودا رەوانەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكرێت تاوەكو گفتوگۆی لەسەر بكرێت و پەسەند بكرێت، لەو پڕۆژەیەدا هەرێمی كوردستانیشی لەخۆ گرتووە و پێدەچێت لە دوای ئەوە كێشەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەر بكات".
ئەحمەد رەشید ئەوەشی گوت "لە پڕۆژە یاسای بوودجەی ساڵی 2017ی عێراق مەرجی پێدانی بەشە بوودجەی هەرێمی كوردستان بەستراوەتەوە بەوەی رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوتی رادەست بكات، بەڵام تاوەكو هەرێمی كوردستان سەرجەم داهاتە فیدراڵییەكان رادەستی بەغدا نەكاتەوە، بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین ناكات".
بڕیاردەری لیژنەی دارایی و ئابووری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەی بەوەش كرد دەستیان بە هەوڵ و گفتوگۆ كردووە بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە لایەن بەغداوە. لە هەمانكاتدا ئەوەشی گوت "ئەو كارە پێویستی بە گفتوگۆ و دانوستانی نێوان هەرێم و بەغدا هەیە و پێویستە هەرێم بەڵێن بدات كە داهاتەكانی رادەستی بەغدا بكاتەوە، ئەو پڕۆسەیەش پڕۆسەیەكی زەحمەت دەبێت".
لە ساڵی 2014 و بە هۆی كێشە و ناكۆكییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداوە، حكوومەتی عێراقی بەشە بوودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی، ئەوەش بووە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و دواكەوتنی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی.