بەغدا
دوای ئەوەی وەزیری دەروەی عێراق (ھۆشیار زێباری) داوەتننامەیەکی فەرمی ئاراستەی وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد، بەیانی ئەمڕۆ ئەحمەد داود ئۆغلو گەیشتە شاری بەغدای پایتەختی عێراق.
لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا وەزیری دەرەوەی عێراق (ھۆشیار زێباری) و ژمارەیەک لە بەرپرسانی عێراق و باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا (فاروق قەیماغچی) و ئەندامانی باڵیۆزخانە لە پێشوازی داود ئۆغلو دا بوون.
بڕیار وایە لەو سەردانەیدا کە دوو رۆژ دەخایەنێ، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق (نوری مالکی) و جێگری سەرکۆمار (خوزەیر خوزاعی) و جێگری سەرۆک وەزیران (ساڵح موتلەگ) کۆببێتەوە.
ھەروەھا بڕیار وایە سەردانی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عێراق (عەمار حەکیم) بکا و کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەش لەگەڵ ھۆشیار زێباری لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رێکبخا.
لە ھەمان کاتدا بڕیار وایە داود ئۆغلو سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی بەغدا و نەجەف و کەربەلا بکا.
لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کە رۆژی شەممە بڵاوکرایەوە، ئەوە راگەیەنرا لە گۆفتوگۆکانی لەگەڵ بەرپرسانی پایە بەرزی عێراق لە بەغدا، داود ئۆغلو پەیوەندی نێوان ھەردوو وڵات و ھاوکاری ھاوبەش و چۆنیەتی بەھێزترکردنی پەیوەندیەکان و ژمارەیەک پرس و دۆسیای ھەرێمی و نێودەوڵەتی بە تایبەت ئەوانەی پەیوەندیان بە قەیرانی سوریاوە ھەیە، تاوتوێ دەکا.