شام
بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا لەگەڵ ئەخزەر ئیبراھیمی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبی بۆ سوریا، کۆبووەوە و گوتی: گەلی سوریا خاوەن بڕیارە لەبارەی داھاتووی وڵاتەكەیان.
بەپێی ھەواڵێكی ئاژانسی رەسمیی سوریا (سانا) لە کۆبوونەوەکەدا بەشار ئەسەد جەختیکردووە لەپێناو دۆزینەوەی ڕێگەچارە بۆ قەیرانی سوریا، دەبێ سەرجەم ھاوکارییەکان لە گروپە تیرۆرستییەکان ببڕدرێ.
ئەسەد گوتی: پێویستە سەرجەم وڵاتان یارمەتی و ھاوکارییەکانیان بۆ گروپە توندڕەوە تێرۆرستییەکان بوەستێنن لەڕوی شوێنی مانەوە و پێدانی پارەوە، دەبێ رێگە نەدەن لە سنووری وڵاتەکەیانەوە دزە بکەنە بۆ خاکی سوریا.
گوتیشی: پێویستە زەمینەیەک بۆ چارەسەری کێشەکان لەنێوان لایەنەکاندا لە سوریا بڕەخسێنین، ھیوادارین ئامادەکارییەکان بەردەوام بن بۆ ڕێگای گفتوگۆ و دیالۆگ، گەلی سوریا خۆی بڕیار لە داھاتووی سوریا دەدات، بۆ ھەر دەستتێوەردانی دەرەکی لە پرۆسەی چارەسەر، دەبێ رەزامەندیی گەلی سوریا وەربگیرێ.
لەکۆبونەوەکەدا ئیبراھیمی ئاماژەی بەکارەکانی کۆنگرەی جنێڤ2 دا و گوتی: "ھیوادارین لەزوترین کاتدا گەلی سوریا بەیەکگرتوویی چارەسەری کێشە و قەیرانی وڵاتەکەیان بکەن".
جێگری سەرۆکوەزیرانی سوریا، وەزیری دەرەوە، وەزیری ئاوارەکان، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی ئەسەد بەشدارییان لە کۆبونەوەکەدا کرد.