سلێمانی
حەمید حاجی دەروێش گوتی " وەکو کورد نامانەوێ سوریا دابەش ببێ. دەمانەوێ دیموکراتی لە سوریا جێبەجێ ببێ و دەستوورێک دابنرێ مافەکانی کورد دەستەبەر بکا".
حەمید حاجی دەروێش کە پارتەکەی لە پارێزگای سلێمانی چالاکیی سیاسیی ئەنجام دەدا، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، لەبارەی شەڕی ناوخۆ لە سوریا و کۆنفرانسی جنێڤ ٢ کە بریارە لەم مانگەدا ئەنجام بدرێ، دوا.
سکرتێری پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخواز گوتی "ھیوادارین کۆنگرەی جنێڤ ببێتە ھۆی راوەستانی شەڕ. پێویستە کۆتایی بەم شەرە بێ. ئەگەر شەڕەکە بوەستێ رژێمی بەعس ناچارە دەرفەت بە خەڵک بدا".
سەبارەت بە پەیەدەش گوتی "پەیەدە دەبێتە کۆسپ لە پێش یەکێتیی کورد لە سوریا. بۆ ئەوەی کورد پێکەوە کاربکەن ئەنجومەنی باڵای کورد دامەزرا. بەڵام بەردەوام نەبوو، چونکە پەیەدە دەیویست لە بوارەکانی دارایی، سەربازیی و بوارەکانی دیكەدا دەسەڵات بەدەست بێنێ. ئەگەر وا بێ چۆن ببین بە ھاوکار؟ پەیەدە دەڵێ وەرن لە سێبەری ئێمەدا کار بکەن، کەس ئەمە قەبوڵ ناکا. ئەگەر بەمە رازی بوواین لە ژێر دیکتاتۆریی ئەسەددا دەماین. سیاسەتی پەیەدە ھەڵەیە. ھەموو براین، سیاسەتی ھەموو شت (تەنھا بۆ من) ھەڵەیە".