Hemin Hüseyin
19 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 19 شوبات 2017
هەولێر-AA
لە دووەمین رۆژی کۆنفڕانسی ئاسایشی جیھانی لە شاری میونخی ئەڵمانیا و لە پەراوێزی کۆنفڕانسەکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مسعود بارزانی لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆی کوێت، شێخ خالد ئەلجەراح و شاندی یاوەری کۆبووەوە.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە لە دیدارەکەدا بارزانی ئاماژەی بەپەیوەندییە مێژووییەکانی ھەرێمی کوردستان و کوێت کردووە و جەختی لە فراوانتربوون و بەردەوامیی ئەو پەیوەندییانە کردووەتەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا شەڕی داعش و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەڕووی سەربازی و فکری و ئابووریی تاوتوێ کراوە و لە بەشێکی دیدارەکەشدا جێگری سەرۆکوەزیرانی کوێت رایگەیاندووە کە حکوومەتی کوێت خۆشحاڵ دەبێت کە لە وڵاتی کوێت پێشوازی لە بارزانی بکات.
دوای ئەوەش سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مسعود بارزانی لەگەڵ شاندێکی ھاوبەشی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا لەھەردوو حزبی دیموکرات و کۆمارییەکان بەسەرۆکایەتیی سێناتۆر، جۆن مەککین کۆبووەوە.
لەو کۆبوونەوە بەرفراوانەدا شاندی ھاوبەشی ھەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانی ئەمریکا جەختی لە پەیوەندیی دۆستانەی نێوان گەلی کوردستان و گەلی ئەمریکا کردەوە و سوپاس و پێزانییان بۆ ئازایەتیی ھێزی پێشمەرگە لەشەڕی دژی داعش ھەبوو و سەرەخۆشیشیان لە بارزانی و کەسوکاری ئەو پێشمەرگانە کرد کە لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا شەھید بوون.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی ئاییندەی هەرێمی کوردستان و مافی گەلی کوردستان لە دیاریکردنی چارەنووس و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا ئاڵوگۆڕ کرا.
ھەر لەو دانیشتنەدا شاندی ھاوبەشی ھەردوو ئەنجوومەنی نوێنەران و پیرانی ئەمەریکا کۆمەڵێک پرسیاریان لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا ئاراستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد.
ھەر لە پەراوێزی کۆنفڕانسەکەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی حزبی سوسیال دیموکراتی ئەڵمانیا، توماس ئۆپەرمان کۆبووەوە و لە دیدارێکدا باس لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ و رۆڵی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆر کرا و ھەروەھا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا کرا.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیو گۆتیرس کۆبووەوە لە دیدارێکدا بارزانی سکرتێری تازەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی وەک دۆستێکی دێرین وەسفکرد و پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە ئەرکەکەیدا لێ کرد.
هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و سووریا و ھەروەھا بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش ئاڵوگۆڕ کرا.
ھەر لە ھەمان رۆژدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مسعود بارزانی لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمریکا، مایک پێنس و شاندێکی یاوەری کۆبووەوە و لە دیدارێکدا بارزانی پیرۆزبایی لە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کرد بەبۆنەی ھەڵبژاردنی وەک جێگری سەرۆک وھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەمریکا لە بوارە جۆراوجۆرەکان تاوتوێ کرا و بەتێروتەسەلی باس لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵ کرا.
لە دوای ئەوەش، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مسعود بارزانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەشدا باس لە بارودۆخی شاری مووسڵ و قۆناغەکانی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی ئەو شارە و شەڕی دژبە داعش کرا.
لە درێژەی چالاکی و دیدارەکانی لە پەراوێزی کۆنفڕانسی ئاسایشی جیھانی لە شاری میونخ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مسعود بارزانی لەگەڵ سەرۆکی گرووپی محافزەکاری ناو پەرلەمانی ئەورووپا، مانفرێد ڤیبەر کۆبووەوە و لە دیدارەکەدا سەرۆکی گرووپی محافزەکاری پەرلەمانی ئەورووپا پێزانینی بۆ رۆڵی پێشمەرگە ھەبوو لە شکستدانی تیرۆریستانی داعش و دەستخۆشی لە سەرکردە و فەرماندەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد و رایشیگەیاند کە گرووپەکەی پشتگیریی گەلی کوردستان و حکوومەتی ھەرێم دەکات.
ھەر لەم دیدارەدا باس لە چۆنیەتیی یارمەتیدانی ئاوارەکان و بارودۆخی مرۆیی ئاوارە و لێقەوماوان و ھەروەھا بارودۆخی ئابووریی ھەرێمی کوردستان کرا.
ھەر لە دووەمین رۆژی کۆنفڕانسی ئاسایشی میونخ و لە پەراوێزی کۆنفڕانسەکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مسعود بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، ئەنجلینا ئاڵفانۆ کۆبووەوە و لە دیدارەکەدا وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا رایگەیاند کە ھاتووە بە بارزانی بڵێت کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پشتگیریی ھەرێمی کوردستان و ھەموو لایەنە سیاسییەکانی ئیتاڵیاش لایەنگری ئەو پشتگیرییەن و ئاشکرایشی کردووە کە لە ئاییندەدا سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات.
لەلایەکی دیکەوە ئێوارەی دوێنێ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، ئۆرسەلا ڤۆندەرلاین کۆبووەوە و لە دیدارەکەدا وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا وێڕای دەستخۆشیکردن لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگەی لە بارزانی کرد لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش، ھەر لەو دیدارەشدا فراوانترکردنی پەیوەندیی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا تاوتوێ کرا و بارودۆخی شاری مووسڵ و شەڕی تیرۆر و پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.
جێی ئاماژەیە لەو کۆبوونەوانەدا، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحمود و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، فەریقی یەکەم عومەر عوسمان و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، فوئاد حوسێن و بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، ئەنوەر حاجی عوسمان و ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھێمن ھەورامی، یاوەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوون.