Dlshad Saifaalddin Ahmed
19 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 20 کانوونی یەکەم 2016
سلێمانی- AA
دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەی نێوان هەردوو شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لایەنی دووەم لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا و نزیكەی دوو کاتژمێری خایاند، سەرۆكی شاندی هەردوولا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان ئاشكرا كرد.
لە سەرەتای كۆنگرەكەدا كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، مەلا بەختیار دوا و گوتی: "بەخێرهاتنی شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین كە ئەمڕۆ سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان و بزووتنەوەی ئیسلامیش دەكەن لە شاری سلێمانی، ئومێدەوارین ئەنجامی ئەم سەردانانەش وەك سەردانی لایەنەكانی تر لە قۆناغی یەكەمدا تەفاهومێكی باش دروست بكات و لە قۆناغەكانی تری گفتوگۆدا هەنگاو بنێین بۆ ئەوەی تا ئەتوانین كێشەكان كەم بكەینەوە و پەرۆشتر بین بۆ ئەوەی خاڵە هاوبەشەكان گەش بكەینەوە و چارەسەری كێشەكان ئومێدێكی تر بداتەوە بە رای گشتی و دۆست و دوژمن بزانێت كورد لە ئاستی قۆناغی بەرپرسیارێتیدا دەتوانێت لە هەلومەرجەكاندا بڕیاری سیاسی باش بدات و هەلەوكانیش باش بقۆزێتەوە".
مەلا بەختیار هەروەها گوتی: "خوا نەخواستە ئێرە ئەو لا بیانەوێت كارێكی نەخوازراو و دەرس لە مێژوو وەرنەگیراو دووبارە بكەنەوە بەرامبەر بە ئەزموونەكەمان و هێزە سیاسییەكانمان و هێزی پێشمەرگە ، بێگومان ئامادەبین باشە".
ئەو لە بارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە دوا و گوتی: "دڵنیاتان دەكەمەوە كۆبوونەوەیەكی باش بوو، قسەمان لەسەر دەستپێشخەریەكەی جەنابی كاك مسعود و پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا و چۆنێتی چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ هەموو حزبە سیاسییەكان كرد. قسەمان لە هەلومەرجە بابەتییەكە كرد، قسەمان لەسەر چۆنێتی چارەسەركردنی قەیرانی خەڵك و بژێوی خەڵك و ئەوانەوە كرد كە چۆن بە بڕیاری سیاسی و چارەسەری سیاسییەوە هەیە، كۆی ئەو شتانەی خەمی هەمووانە و لەماوەی ساڵ و نیوی رابردوو بە بەردەوامی پێمان گوتراوە، لەم كۆبوونەوەدا بە پۆزەتیڤ باسمان كرد و لێكتێگەیشتن هەبوو لە نێوانمان و گوتمان هەموومان كردە پەشیمان بین باشە نەك نەكردە پەشیمان ".
لەلای خۆیەوە سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، فازڵ میرانی لە كۆنگرەكەدا گوتی: "پەیامی جەنابی سەرۆك بۆ هەموو حزبەكان و میللەت پڕۆژەی ئێمەیە، بەڵام هیچ پڕۆژەیەك تایبەتمەند نابێت ئەگەر لەگەڵ ئێرە لەگەڵ مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی تاوتوێی نەكەینەوە، ئێمە هەردوولا تەئریخێكی هاوبەشمان هەیە بەهەموو سەرهەوراز و سەر نشێوەكانی، جوگرافیایەكیشمان هەیە كە ئەو تەئریخ و جوگرافیا یەكتر دەگرێتەوە، دەستكەوتەكان هەموومان هاوبەشین بەڵام لە پاشەكشە و كورتهێنان یەكێتی و پارتی مەسئولن نەك خەڵكانی تر، ئەوە وا دەكات كە خسوسیەتێكی تر بدەین بەم كۆبوونەوەیە".
میرانی هەروەها گوتی: "هەمومان هەست دەكەین كە میللەتی ئێمە ئەمڕۆ لە قۆناغێكی هەستیاردایە و هەلومەرجێكی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی پەیدا بووە كە قەزیەی كورد چووەتەوە پێشەوە، جاران ئێمە لە حكوومەتەكان دەترساین كە مساوەمە لەسەر ئێمە بكەن، ئێستا حكوومەتەكان حساب بۆ كورد و كوردستان دەكەن".
ئەو هەروەها گوتی: "ئەم جەولەیەی ئێمە بۆ ئەوەیە یەكەمجار ئاشتەوایی بكەین لە نێوان خۆماندا نەك هەموومان بە موتڵەقی، بەشێك لەو ئەحزابانەی كە گرفتەكان لەنێوانمان زۆرتر بووە لە دوای ئاشتەوایی بچنە قۆناغی رێكەوتنەكە ، رێكەوتنەكانیش غالب و مەغلوبی پێویست نییە، دەست شكاندنی یەكتری پێویست نییە، فەرزی ئیرادەی كەمایەتییەك لەسەر زۆرینەیەك نییە و زۆرینەیەكیش نابێت مافی كەمایەتیەك زامن نەكات".
بەرپرسەكەی پارتی لە وەڵامی رۆژنامەونوساندا گوتی: "پڕۆژەی ئێمە پەیامی جەنابی سەرۆكە كە حزبەكان هەموو بە سوپاسەوە بە ئیجابی بە پیریەوە هاتوون، بۆیە ئێمە هاتووین لەگەڵ هەموو حزبەكان ئەو پڕۆژەیە بكەینە پڕۆژەی هەموو لایەك و شتی زیاتری بخەینە سەر، هەروەها میكانیزمێكی بۆ پەیدا بكەین بۆ ئەوەی بێینەوە مەیدانی جێبەجێكردن".
لەلای خۆشیەوە مەلا بەختیار ئاماژەی كرد بەوەی لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا بڕیاری لێنەدراوە و جەختیان لەسەر بەردەوامی كۆبوونەوەكانیان كردۆتەوە و هاوبەشی زۆریان لەسەر بۆچونەكان هەبووە "ئێمە جارێك چاوەڕوان دەكەین كە پارتی بچن گۆڕان ببینن و ئەنجامی كۆبوونەوەكانیان ببینین، دوای دابنیشینەوە بۆ ئەوەی وردەكاری ببینین و دواتر دابنیشینەوە و وردەكارییەكانی چۆنێتی گۆڕانكاری لەم سەرۆكایەتییانەدا یان مانەوەی یەكێك لەوانە و چۆن دەبێت چۆن نابێت، دواتر لە كۆبوونەوەكانی ئایندە بڕیاری لەسەر دەدرێت".