هەولێر - AA
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دیندار زێباری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، تیشکی خستە سەر چەند بابەتێک کە تایبەتە بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان و ئاماژەی بە رێکخستنەوەی هێزە ئەمنییەکان لە دامەزراوە فەرمییەکان کرد و رەوشی پێکهاتەکانیشی لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم خستەڕوو، ئاشکرایشی کرد کە ئەمساڵ چوار لیوای پیادەی ھێزەکانی پێشمەرگە یەکیان گرتۆتەوە، ھاوکات ھێزی پشتیوانی یەکیش ھاتۆتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و ھێزی پشتیوانی دووش کارەکانی تەواوبووە و بەم نزیکانە یەکدەگرێتەوە.
دیندار زێباری تیشکی خستەسەر تەوەرەکانی ئازادی رۆژنامەگەریی، بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بازرگانیکردن بە ماددەهۆشبەرەکان، رەوشی چاکسازی لە بەندیخانەکان، سەربەخۆیی دامەزراوە دادوەرییەکان، گردبوونەوە مەدەنییەکان و چەند تەوەرێکی دیکە.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دیندار زێباری سەبارەت بە کردە تیرۆریستییەکانی داعش لە ساڵی ٢٠٢١ لە عێراق، گوتی: "لە ساڵی رابردوودا، ٢٥٧ ھێرشی تیرۆریستی ئەنجامدراوە کە خۆیان لە بۆسە، ھێرشی راستەوخۆ، خۆکوژی، دانانی خاڵی پشکنینی ساختە، رفاندنی هاووڵاتییان و هاوێشتنی مووشەک بینیووەتەوە و لە ئەنجامدا، ٣٨٧ شەھید، ٥١٨ بریندار و ٣٧ رفێندراویان لێکەوتۆتەوە".
دیندار زێباری لەبارەی ژمارەی تیرۆریستان لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، گوتی: "سەبارەت بە سزادراوان بە ماددەی تیرۆر لە هەرێمی کوردستان، سەرووی هەزار و ١٧٠ سزادراو لە چاکسازییەکان هەبوون، لەوەدا ١١٧ سزای لەسێدارەدان هەبووە و لە ساڵی ٢٠٠٨ سزای لەسێدارەدان جێبەجێ نەکراوە".
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکەیدا، تیشکی خستە سەر مافی ئازادی رادەربڕین و سەربەخۆیی دادگاکان و گوتی: "حکوومەتی ھەرێم نموونەیەکی ھەرێمییە بۆ دیموکراسیی و بەھا دیموکراتییەکان و پابەندە بە سیستەمێکی پتەوی بەرزەفتکردنی دامەزراوەیی لەنێوان دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن، یاسادانان و دادوەرییدا لە ھەمان کاتدا، ئامادەی ئەنجامدانی گۆڕانکارییە لەو شوێنانەی کە پێویستن".
دیندار زێباری ئاماژەی بەوە دا کە دوێنێ دووشەممە، نوێنەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا و کەنەدا پێشوازییان لە دوایین راپۆرتی یۆنامی کردووە و ھاوکات ستایشی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانیان کردووە لە ھەمبەر تێبینیەکانی کە بە پاشبەندی راپۆرتەکە لکێندراوە.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دیندار زێباری لەبارەی باڵەخانەی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان گوتی: "تۆمەتێک هەبووە کە چاکسازییەکان بەندکراوێکی زۆری تێدایە کە ئەوەیان راستە، چونکە قەیرانی دارایی و شەڕی داعش هەبووە، بەڵام حکوومەت گوژمەیەکی تەرخانکردووە و کەوتووەتە واری جێبەجێکردن بۆ ئەوەی ئەو چاکسازیانەی پێشتر باڵەخانەیان بۆ دروستکراوە و تەواو نەکراون، تەواوبکرێن و پڕۆسەی زیادکردنی ژمارەی چاکسازییەکان دەست پێ بکات".
دیندار زێباری گوتیشی: "حکوومەتی ھەرێم رێککەوتنی لەگەڵ کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور ھەیە، بەگوێرەی رێککەوتنەکە لایەنی ناوبراو بۆی ھەیە بێ مۆڵەت سەردانی تەواوی زیندانی و سەنتەری چاکسازییەکان بکات لە ھەرێم، یۆنامییش ھەمان مۆڵەت سەردانی پێدراوە، لەژێر رۆشنایی ئەم رێککەوتنە، یۆنامی تا مانگی پێنجی ساڵی پار، ١٤ جار سەردانی چاکسازییەکانی کردووە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ ٦٠ زیندانی ئەنجامداوە".
یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بریتیی بوو لە بازرگانییکردن بە ماددەی هۆشبەر کە ماوەی چەند ساڵێکە لە هەرێمی کوردستاندا لە حاڵەتەوە بۆتە دیاردە و ئەمەش کۆمەڵگای هەرێمی کوردستانی نیگەران کردووە و لەمبارەیەوە دیندار زێباری گوتی: "بەداخەوە وەک پێویست باس لەم بابەتە نەکراوە لە ساڵی ٢٠١٩ دا، هەزار و ٧٩٤ کەس دەسگیرکراون بەھۆی بەکارھێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەر و ئەم ژمارەیە کەمی کردووە بۆ هەزار و ٢٩٥ کەس لە ساڵی ٢٠٢٠ دا، بە گشتی سێ هەزار و ٨٩ کەس دەستگیرکراون کە ٧٥یان بازرگانیان پێوەکردووە و سێ هەزار و ١٤ کەسیان بەکارھێنەر بوون و قوربانی ئەم بابەتەن. ئاماری تۆمەتبارانی ماددەی ھۆشبەر، ئاڵوودەبوان و بازرگانان بۆ شەش مانگی یەکەمی٢٠٢١ کە دەستگیرکراون و دراونەتە دادگا بریتییە لە ٨٨١ تۆمەتبار و بڕی ئەو ماددە ھۆشبەرەی دەستی بەسەر داگیراوە بریتییە لە ٢١٥ کیلۆ گرام بە گشت جۆرەکانییەوە".
دیندار زێباری لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنووسان لەوەی کە دەنگۆ هەیە چەکدارانی پەکەکە بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن گوتی: "بێگومان وڵاتی ئێران ئەو شوێنەیە کە ماددەی هۆشبەر لەوێیەوە دێتە عێراق، پەکەکە ناوچەیەکی داگیرکردووە، ئێمە وەکو حکوومەت نە دەتوانین بگەرێینەوە ئەو ناوچەیە، نە بوونمان لەوێ هەیە، سەرچاوەیەکی زۆر باس لەوە دەکەن کە پەکەکە دەستی لەو بابەتە هەیە هەم وەکو بازرگانی و هەم وەکو زراعەت، بەڵام ئایا ئێمە چۆن دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە ئەوە بابەتێکی دیکەیە، بەڵام زۆربەی زۆری سەرچاوەکان باس لەو بابەتە دەکەن، بە گشتی پەکەکە بووەتە سەرگێژە بۆ ناوچەکە".
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دیندار زێباری سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند "لە ساڵی ٢٠٢١، ٤٤٥ داوای سزایی لەسەر گەندەڵی تۆمارکراوە کە ئەمە ژمارەیەکی زۆرترە لەچاو ساڵانی رابردوودا، لەگەڵ داوا خولاوەکانی ساڵانی رابردوو، ئێستا ٥٦٠ داوای سزایی لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدان، بەمەش بە ھەموو داوا سزایی و ھەوڵدەرییەکان کە ٥٦٠ داوای سزایی و ٢٤٥ داوای ھەواڵدەرین، ٨٠٤ کەیسی گەندەڵی لە ھەردوو قۆناغی ھەواڵدەری و سزایی ئێستا لەلایەن دەستەی دەستپاکی لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت. کۆی کەیسەکانی کە ئەمساڵ رەوانەی دادگاکان کراون ١٣٦ کەیسی سزایی ئەمساڵ چوونەتە قۆناغی دادگاییکردن پاش ئەوەی لێکۆڵینەوەیان تێدا تەواو کراوە".
news_share_descriptionsubscription_contact



