Sarmand Hameed
11 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2022
هەولێر - AA
رێبەری رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر رایگەیاند کە بەرەو پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانیی هەنگاو دەنێن.
موقتەدا سەدر لەبارەی هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ لە عێراق، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە.
رێبەری رەوتی سەدر کە رەوتەکەی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە، جارێکی دیکە جەختی لە پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانیی لە عێراق کردووەتەوە و نووسیوویەتی "بەرەو حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانیی دەڕۆین، دەرگامان کراوەیە بۆ هاتنی بەشێک لەوانەی کە هێشتا بۆچوونمان لەبارەیانەوە باشە".
موقتەدا سەدر هۆشداریی ئەو کەس و لایەنانە داوە کە هەڕەشە لە هاوبەشەکانی رەوتەکەی دەکەن و رایگەیاندووە "رێگە بە کەس نادەین کە هەڕەشە لە هاوبەشەکانمان یان ئاشتی کۆمەڵایەتیی بکات. حکوومەتی داهاتوو حکوومەتی یاسایە، بواری سەرپێچی بۆ کەس تێدانابێت جا هەرکەسێک بێت".
رێبەری رەوتی سەدر راشیگەیاندووە "گەڕانەوە بۆ کوشتاری تاییفی و توندوتیژی نییە و یاسا سەروەر دەبێت".
بەپێی ئەنجامەکانی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر بە بەدەستهێنانی ٧٣ کورسی بووە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە، هاوپەیمانیی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبووسی ٣٧ کورسی، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی ٣٣ کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی ٣١ کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی هاوسەرۆک، بافڵ جەلال تاڵەبانی ١٨ کورسی، هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری ١٧ کورسی و هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر ١٤ کورسییان لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنەکە بەدەستهێنا.
لە میانی پرۆسەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنەکە لە رۆژی یەکشەممەی رابردوو بەڕێوەچوو، کاندیدی هاوبەشی هەردوو هاوپەیمانیی تەقەدوم و عەزم، محەمەد حەلبوسی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سەدر، حاکم زاملی بە جێگری یەکەم و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵا بە جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵبژێردران.