ھەولێر
ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا مستەفا جومعە لە چاوپێكەوتنێكدا لە گەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو رەوشی رۆژئاوا بە خراپ وەسف دەكات و دەڵێت "ھەرچەندە شەڕی سووریا بە گشتی شەڕێكی نێوخۆییە بەڵام ھێشتا شەڕ بەردەوامە و رێكخستنەكانی تێرۆریستی لە رۆژئاوا ھەموویان دەیانەوێت رەوشەكە بۆ بەرژەوەندی خۆیان ببەن و ناوچەكە بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیان و لایەنی كوردی تەنیا ھێزی پەیەدە لە گەڵ رێكخراوی تێرۆریستی داعش شەڕ دەكات و رەخنەی ئێمەش ئەوەیە كە ئەو بارودۆخە بەرەو خراپی دەڕوات و پێویستە ھێزەكانی دیكەی كوردی وەك ھێزەكانی عەرەب، كلدان، توركمان كە لە سووریا قبووڵ دەكرێن رێگەیان پێبدرێت تا لە دژی تێرۆریستان بجەنگن و، بەردەوامی ئەم كارە تاكرەویە نیشانەی عەقلییەتی دیكتاتۆرانەیە".
مستەفا جومعە، پێشمەرگەی رۆژئاوای وەك ھێزێكی كوردی لە رۆژئاوا ناو برد و لەو بارەوە گوتی: "دوای رێككەوتنی دھۆك بڕیار وا بوو كە لێژنەیەكی سەربازی پێكبهێنرێت تا كێشەكانی سەربازی لە رۆژئاوا تاوتۆی بكرێن و ئەو ھێزانە بگەڕینەوە بەڵام بەداخەوە ئەوان (پەیەدە) پابەندی ئەو رێككەوتنە نەبوون، لە ئێستادا نزیكەی دە ھەزار پێشمەرگەی رۆژئاوا ھەن كە ئامادەن شان بە شانی ھێزەكانی پەیەدە لە رۆژئاوا دژی تێرۆریستان شەڕ بكەن ئەوان لایەنگری ھیچ حزب و لایەنەك نین تەنیا ھاووڵاتی رۆژئاوای كوردستانن و لە ھەرێمی كوردستان لە ژێر چاودێری هێزەكانی هاوپەیمانان مەشق و راهێنانیان بینیوە و بۆ پاراستنی خاكی خۆیان دەگەڕێنەوە. ئەم ھێزە ھەرگیز لە دژی پەیەدە نییە بەڵام پەیەدە وەك رژێمی ئەسەد ھەڵسوكەوت دەكات و قبووڵ ناكات كە كاری ھاوبەش بكات و ئێمە ئەوەش رەخنە دەكەین كە پەیەدە ھەموو ھێزێكی عەرەبی لە ناوچەكە قبووڵ دەكات بەڵام دژی ھێزەكانی كووردییە و ھەبوونیان وەك رەقیب دەبینێت".
لە بارەی چارەسەری ئەو كێشەیە جۆما گوتی: "ئەو پرسە لە سەر ئاستێكی سیاسی باڵا و بە گفتوگۆ چارەسەر دەكرێت و زیاتر لە رێگەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی و ئەمریكا چارەسەر دەبێت، بە جۆرێك لە سەرەتای رێككەوتنەكانیش ئەنجوومەنی نشتیمانی كورد ئەو ھێزەی قبووڵ كردووە و داواكارین كە ئەوانیش بە ئاشكرا بڕیاری خۆیان روون بكەنەوە".
لە بارەی ھەڵوێستی وڵاتانی ناوچەكە لە سەر گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ رۆژئاوا، ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا گوتی: "ئەوە مافی ھیچ كەس نییە كە دەستوەردان لەو پرسە و كێشەكانی دیكەی كورد لە رۆژئاوا بكات بەڵام پەیەدە لە ژێر فشاری ئێران و بەشار ئەسەد كار دەكات".
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانی سووریا لە بارەی ئەنەكەسە و تەڤدەم گوتی: "ھەموو پارتەكانی كوردی سووریا دوو ساڵ بەر لە ئێستا ئەندامی ئەنەكەسە بوون بەڵام ئەمڕۆ ھەندێكیان كشاونەتەوە و ھەندێكی دیكەی نوێ ھاتوون و بە گشتی لە ئێستادا زیاترینیان سەربەخۆ كار دەكەن و پەیوەندیەكانی تەڤدەم و ئەنەكەسە خراپە و رێككەوتنەكانی ھەولێر و دھۆكیش ھەر دوولایەن بەشدار بوون بەڵام زیاتر پەیەدە بەو رێككەوتنانە پابەند نەبووە. پەیەدە پرۆژەیەی تایبەت بە خۆی ھەیە و خۆی لە دەرەوەی كوردایەتی دەبێنێت ئەو ھەڵسوكەوتانەی پەیەدە زیاتر نادیموكراسیین و دەبێت لە رۆژئاوا بڕیاری سیاسی یەك بخرێتەوە".
جومعە لە بارەی بەشداری كردنی توركیا لە شەڕی دژی داعش دەڵێت: "ھێرشی توركیا بۆسەر داعش لە بەرەژەوەندی هەموو لایەنەكان دایە و ئێمە سوپاسی توركیا دەكەین كە یارمەتی ھاوپەیمانان بدات، بەڵام پرۆژەكانی توركیاش ئاشكرا نین نازانرێت كە ئەو لە داعش دەدات تاكو كورد جێگر بن یا فشار لە پەیەدە و كورد دەكات كە ئەویش بیرۆكەیەكی باش نییە و ھەڵەیەكی سیاسییە بەڵام بەگشتی پرسی كورد لە رۆژھەڵاتی ناوەراست گەورەترە لەو پرسە و باشتر ئەوەیە كە توركیا لەگەڵ كورد بە دانوستان كێشەكان چارەسەر بكات".