دیاربەکر
ھاوسەرۆکی بەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە پەیامێکی ئاراستە کرد و ھیوای خواست ئەو جەژنە ببێتە ھۆکاری کۆتایی ھێنان بە شەڕ و توندوتیژی و سەقامگیر کردنی ئاشتی لە سەرانسەری جیھان.
سەلاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند: "لەناوچەیەکدا کە ئەوەندە خوێن رژاوە، پێویستی خەڵکی دەڤەرەکە بە ئاشتیی و ئارامییە، و گوتی: "ئێمە وەکو گەلانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست چەندین ساڵە لە نێو شەڕ و خوێندا جەژنەکانمان بەرێکردووە، بۆیە پێویستە ھەوڵ بدەین تا کۆتایی بە شەڕ و خوێنڕشتن بھێنین و لە خۆشی و ئارامیدا جەژنەکانی خۆمان پیرۆز بکەین."
دەمیرتاش سەبارەت بە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا گوتی" بابەتی گەرمی ئەم رۆژانەی تورکیا ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانە و ئێمە بۆ ئەو مەبەستە ئامادەکاری باشمان کردووە و لە ھەر پارێزگا، قەزا و ناحیەیەکدا کۆمیتەی دەستنیشانکردنی پاڵێوراوەکانمان دامەزراندووە و پاڵێوراوەکان دەستیان بە ناونووسین کردووە و پرۆسەی ناونووسین تا ٢٥ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت."
ھاوسەرۆکی بەدەپە سەبارەت بە کۆتای ژنان لە ھەڵبژاردنەکاندا رایگەیاند: لە ٢٢ تا ٢٣ ناوەندی ھەڵبژاردندا سیستەمی کۆتای ژنان پەیڕەوە دەکەین.
لە بارەی قۆناغی چارەسەری پرسی کورد، سەلاحەدین دەمیرتاش گوتی" دوو شاندی بەدەپە بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆجالان داوای سەردانی ئیمرالییان کردووە، بەڵام تا ئێستا مۆڵەتیان پێ نەدراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بڕیار وابوو ھەر ١٥ رۆژ جارێک شاندێکی بەدەپە سەردانی ئیمرالی بکات."
دەمیرتاش رایگەیاند: "لە قۆناغی چارەسەریدا ئێمە ھیچ خۆمان بە ناوەکان نەبەستووە، بەڵکو ھەمیشە ھەوڵمانداوە کە ببینە خاوەن ھەڵوێستێک کە خزمەتی قۆناغی چارەسەری بکات، بۆیە گفتوگۆکردن لە سەر ناوی کەسەکان لە لایەن بەدەپەوە قەبووڵ ناکرێت. بەڵام ھەڵوێست و ھەنگاوەکانی حکومەت لە ئاست ھەستیاری قۆناغەکەدا نین و حکومەت نایەوێ بە جدی لەگەڵ قۆناغی چارەسەریدا ھەڵسوکەوت بکات."
لە بارەی ناونووسینی پاڵێوراوە ژنەکان دەمیرتاش گوتی: "ئێمە وەکو بەدەپە ھیچ بڕە پارەیەک لەو ژنانە وەرناگرین کە خۆیان دەپاڵێون."