ئیستانبوڵ
ھاوسەرۆکی گشتیی ھەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش دوێنێ لە مەیدانی کارتاڵی ئیستانبوڵ لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا گوتی: "ئەم جۆش و خرۆش و شادییە ھەمیشەیی دەبێت".
دەمیرتاش گوتی: "لەگەڵ ئەندامانی پارتەکەمان حەوتی حوزەیران سەرکەوتنێکی زۆر گەورەتان پێشکەش دەکەین، ناونیشانی رزگاریمان لایە ئەویش پارتی دیموکراتیکی گەلانە. پێویستە ئەم ھیوایە و ئەو مەکینەیە کە دەتوانێت ئەو رێگایانەی بە بەفر داپۆشراون خاوێن بکاتەوە ناچارین بەرەو دەسەڵاتی ببەین".
دەمیرتاش هەروەها گوتی: "ئامانجی ھەدەپە تەنیا ئەوە نییە کە بەربەستی سەدا ١٠ی ھەڵبژاردن تێبپەڕێنێت و بچێتە پەرلەمانەوە بەڵکو رێپێوانێکی دوورودرێژی دەست پێ کردووە و تا ئەوکاتەی بەڕاستی خەڵک ببێتە دەسەڵات ئەو رێپێوانە بەردەوام دەبێت و لە بەرەبەیانی رۆژی ھەشتی حوزەیراندا درێژە بە تێکۆشانی خۆمان دەدەین".
ناوبراو لە درێژەدا گوتی: "بەیاننامەی ھەدەپە لە سەرانسەری تورکیا بووەتە جێگای خۆشحاڵی و جۆش و خرۆش و خاوەنی راستەقینەی ئەم وڵاتە ئەوانەن کە جموجۆڵیان ھەیە".
دەمیرتاش لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رەخنەی لە سەرکۆمار و ئاکپارتی کرد و گوتی: "ھەندێ کەس و لایەن لە بەرەوپێشەوەچوونی ھەدەپە دەترسن و لە مێژووی تورکیادا ئەمە یەکەمجارە کە پارتییەکی جەماوەری بەرەو دەسەڵات دەڕوات و تورکیایش بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازی لێ دەکات".
ھاوسەرۆکی گشتیی ھەدەپە گوتی: "پێویست ناکات چەوساوەکان لە تورکیا بترسن، با ئەوانەی کە لەم مەیدانانە لە کاتی خۆپێشاندانەکانی گەزیدا ھاوسەران و منداڵانی ئێمەیان کوشت یاخود با ئەوانە بترسن کە لە کۆڵانەکاندا بە گاز، تانک، دار و بەرد و ئەشکەنجە ھێرشی سەری ئەوانیان دەکرد بترسن. چونکە لە نێو دەسەڵاتی ھەدەپەدا ھیچ جێگایەکی ئەم جۆرە شتانە نییە".
سەڵاحەدین دەمیرتاش لە کۆتاییدا گوتی: "ھەدەپە وێنەی راستەقینەی تورکیایە و داواکارم لە ھاوڕێیان و ئەندامانی پارتی پەیامی برایەتی ھەدەپە بگەیەننە ماڵ بە ماڵی تورکیا چونکە یەکەمجارە لە مێژوودا ئێمە لە پەرلەمان بەرەو دەسەڵاتی راستەقینەی خەڵکەوە ھەنگاو دەنێین و زۆر باش دەزانین لە کوێوە ھاتووە و بەرەو کوێ دەڕۆین".